دەرکەوتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناویندا

9 مانگ لەمەوپێش



نەوزاد ساڵح

پاشەکشەو گۆڕینی ستراجیەتی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەردەمی ئۆباماو دواتریش ترامپ رەنگە زیانی بەسیاسەت و بەرژەوەندیان گەیاندبێت، بۆ دووهەفتە دەچێت دەرکەوتنەوەو جوڵەی هێزەکانی ئەمریکا جارێکی تر دەستیپێکردووەتەوەو زیاتر لە سێ هەزار سەرباز لەهێزەکانی پیادەو دەریاوانی لەجوڵەدان و چەکی بەهێزو جۆراوجۆریان پێیەو شارەزایانی سەربازی دەڵێن جوڵاندنی هێزی سەربازیی بێ ئامانج نیەو ئەم دیمەنانە بوونەتە هۆی سەرقاڵی میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکان، گواستنەوەی ئەوهێزانە بەرەو سنوری سوریاو عێراق و دەرکەوتنیان لەبەغداو موسڵ و ئەنبارو کەرکوک و هەولێرو خۆرئاوای کوردستان پاشان  جێگیرکردنی بەشێکیان لەسەربازگەی (عەین ئەسەد، حەریر) لەم کاتەدا کە بەئامادەییەکی سەربازی تۆکمەو پێشکەوتوترین فڕۆکەی جەنگی ,(f35)،(f22)و  مشتومڕو دڵەڕاوکەی زۆری ناوەتەوە.

نمایشی هێزەکان و ئامانجەکانیان

هەرچەندە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان باس لەوەدەکات کەتەنها گۆڕانکاریە لەهێزەکانداو شوێن گۆڕکێیە بەهێزەکان، بەڵام وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەسێ خاڵ کردووە لەسەر جووڵەی هێزەکان ئەوانیش:-

ا- پارێزگاری کردنە لەکەشتیە نەوتیەکانی ئەمریکا لەکەنداوی عەرەبی چونکە بەردەوام مەترسی گێچەڵی هێرشی هێزی دەریاوانی ئێرانیان لەسەرە .

ب- پێداگرتنە لەسەر دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا کەئەمەش دوای نزیکبوونەوەی سعودیەو ئێران دێت.

ج- پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل کە لەئێستادا ئەمریکا مەبەستیەتی نیوەندگیریی بکات لەنێوان ئیسرائیل و سعودیەدا.

هەڵبەتە پەیبردن بەدیوی پشتەوەی ئامانجەکانی ئەمریکا لەجوڵەپێکردنی  ئەم هێزانە بۆ رۆژ‌‌‌هەڵاتی ناوین ئاسان نیە،  بەڵام  ئاماژە سیاسیەکان دەریدەخەن کەچەندین ئامانج لەپشتی ئەم گۆڕانکاریانەوە هەیە لەوانەش  :-

دوای رێکەوتنی ئێران و سعودیە بەناوبژیوانی چین، بوونە ئەندامی سعودیە لەڕێکخراوی (شەنگهای) بەسەرۆکایەتی روسیاو چین راددەی توڕەبوونی ئەمریکیەکانی بەرزکردەوە بۆ ئاستی بەخۆداچوونەوە.

پرۆژەی سیاسی  بەڕێوەبەرێتی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە لەعێراق و سوریاو لوبنان و....هتد  سەرکەوتوو نەبووەو شکستی خواردووە، لەئێستادا هەژموونی چین و روسیاو ئێران و تورکیا خەریکن ئەمریکا لەهاوکێشەی سیاسیی ناوچەکە دووردەخەنەوە کەمەش لای ئەمریکیەکان نیگەرانی زۆری دروست کردووە.

هێزەکانی ئەمریکا لەم نمایشەدا ئامانجیانە بەهەیبەت و هێزەوە دەربکەون لەڕۆژهەڵاتی ناوین بۆئەوەی لەسەرمێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و ئەو گرفتانەی کەهەیانە بگەنە ئەنجام.

ئەمریکا چەندساڵێکە پشتی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردبوو، پێی وابوو دەبێت سەرنجەکانی لەسەر خۆرهەڵاتی دووربێت کە زیاتر فۆکەسی لەسەر(چین)دانابوو، لەئێستاشدا مەبەستیانە بەجیهان بڵێن کە ئەو رێكەوتنەی لە( ئەستانە) کرا لەمانگی ئایاری رابوردوو کەگوزارشتیان لەدەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا کردبوو لەسوریا سەرناگرێت و ئەمریکاش جێگیرە.

ئامانجێکی تر ئەوەیە کەدەیانەوێت نینۆکی میلیشیاکانی حزب اللە بکەن لەسوریاو ڕێگای هاوکاریان ببڕن کە لەعێراقەوە پێیان دەگات و خاڵە سنوریەکانی موسڵ و ئەنبارکۆنترۆڵ بکەن.

دوای ئەوەی کۆمارییەکان رەخنەی زۆریان لەبەڕێوەبەرێتی بایدن گرت لەسەر ئەو گوژمە پارەیە ی کە ( ٦ ) شەش ملیار دۆلار بوو کەکۆریای باشور بۆ ئێرانی گێڕایەوە .

ئامانجێکی تر دەرکردنی حەشدی شەعبیە لەموسڵ و ئەنبارو سنوری سوریاو دەرپەڕاندنیانە لەو سنورانە چونکە پچڕینی هێڵی نێوان حزب اللە  لەگەڵ ئەم گروپانە بەهەند وەردەگرن و دوور نیە هێز بۆ سوننەکان دروست نەکەن.

فەرەنساو بەریتانیاو ئەمریکاو هەست بەوەدەکەن کە چین و روسیا نزیک دەبنەوە لەدڵی وزەی جیهانی و ئەمەش بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی جێگای مەترسییەو پێیان قبوڵ ناکرێت و زیاتر پاڵ بەبەڕێوەبەرێتی بایدنەوە دەنێت کە بەخۆدا بچنەوەو بەرنامەیان هەبێت بۆ رووبەڕوو بوونەوەیان.

ناوەندەکانی ئەمریکا بۆیان دەرکەوت کەدوای بیست ساڵ لەڕوخانی رژێمی بەعس بەدەستی ئەوان بەڵام هیچیان لێ سەوز نەکردووە جگە لەوەی عێراق بووە بە شوێنی گروپە شیعیە توند ئاژۆکان کە زیانی گەورەیان بەبەرژەوەندیەکانی ئەمریکا گەیاندوەو لەئێستادا رەنگە لایەک بەلای سونەکاندا بکەنەوە.

خاڵێکی تر کەزۆر جێی بایەخە کێشەکانی ئیسرائیل لەناوخۆی خۆیداو جۆرێک لەکەرتبوون لەجڤاکی سیاسی ئیسرائیل روویداوەو مایەی نیگەرانیە لای ئەمریکای هاوپەیمانی کە بەزەروری دەزانێت ئیسرائیل دەستبەرداری کێشە ناوخۆییەکانی بێت چونکە گرفتی رێگای رێکەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانەو لەلایەکی ترەوە ئەمریکا لەهەوڵی ئەوەدایە کەناوچەی تەنەف لەسەر سێگۆشەی سنوری (ئوردن- سوریا- عێراق) – بگەێنێت بەڕۆژهەڵاتی فورات بەمەش دەستی گروپە شیعیەکان لەعێراق و ئێران دەبڕێت.

ئامانجێکی تری ئەم جوڵەو نمایشە سەربازییانە لەم کاتەدا کەچەند مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردن لەئەمریکا، بایدن مەبەستیەتی وەک هەڵمەت و بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری بهێنێت و لەدەریاشدا بەتایبەت بۆ پاراستنی وێستگەو تەنگەژە ئاویەکان کەسوود لەنمایشی سەربازی هێزی دەریاوانی دەبینێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار