کۆنگرەی یەکێتی دەتوانێت چی بکات؟

10 مانگ لەمەوپێش



دلشاد تالەبانی

ی ن ک لەکاتێکدا دامەزرا، گەورەترین شکست بەسەر بزوتنەوەی چەکداریدا هاتبوو لەکوردستان . لەوکاتەی نائومێدی وترس باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو، کەسایەتی کورد شکابوو، کۆمەڵێکی کەم نەبێت کە (کۆمەڵە) پێشەنگایەتی دەکرد، لەگەڵ دەستەیەکی بچووکی تێکۆشەرانی تر کە نەڕوخابوون ، دەستپێشکەریان کردوهەوڵی خۆڕێکخستنەوەیاندا، ئەگینا زۆربەی خەڵک لەو باوڕە نەبوون جارێکی تر، پاش ئەو شکستە گەورەیە ، تا ماوەیەکی زۆر جوڵانەوەی چەکداری  بەرامبەر رژێمی بەهێزی بەعس بەرپا بکرێتەوەو بەخەیاڵیان دەزانی، بەتایبەتی بە رێککەوتی بەعس لە گەڵ ئێران و تورکیاش بۆ گەمارۆدان و لێدانی هەرچ هەوڵدانێک بۆ بەرگری کورد بەرامبەر بەڕژێمی بەعس.

هەر لەپاش هەرەس بەدەسپێشخەری مام جەلال یەکێتی دامەزرا. لەڕێڕەوی خەباتی سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا لە رووی سیاسی و سەربازیشەوە، تووشی شکست و نشێوی زۆریش هات، چەند جیابوونەوەو تووشی چەندین شەڕی ناوخۆش بوو، بەڵام تووشی هەڵدێر نەبوو وهەموو جارێک هەڵدەسایەوە. لەماوەی دامەزراندنی تائێستا تووشی هەڵەی بچووک، گەورە و چەند هەڵەی ستراتیجی بوو، بەهۆی ئاڵۆزی دۆخەکان، تەقدیرنەکردنی تەواو بۆ مەبەست و رووداوەکان وهەڵنەسەنگاندنی بارودۆخ بەتەواوەتی ، گۆڕانکاری خێرای پێشبینی نەکراو.

لەپاش راپەڕین فرسەتی گەورە هاتە پێشەوە ، یەکێتی کۆنگرەی بەست و خۆی بەپارتێکی سوسیال دیموکرات راگەیاند، بەڵام بێ ئەوەی زۆر لەئەندام وکادرو تەنانەت سەرکردایەتیش لەبیرو پرنسیبەکانی سۆسیال دیموکرات گەیشتبێتن، یەکێکیش لەمەبەستێک نەگات  ناتوانێت بڕوای پێ هەبێت، خەڵکی بۆ راکێشیت ومومارەسەی بکات. دەبوو یەکێتی ئەوکاتە هەموو هەوڵێکی بۆ گۆشکردنی ئەندامان و کادرەکانی بەبنەماکانی بیری سۆسیال دیموکرات و پرنسیبەکانی بێت، بەرنامەیەکی روونیش دانێت و رێباز( نهج)ی لەسەر ئەوە بینا بکات، بۆیە هەریەکە بەشێوەیەک تەفسیری دەکرد، فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکیەکانیش رێگربوون لەبڵاوکردنەوەی ئەو بیرە، هەشبوو بەئەنقەست رێگربوو لەوە. بەوەش بەرنامەیەکی تۆکمەی سۆسیال دیماکراتانە دانەنرا، بۆ ئەوەی بزانرێت، کێ لەو بەرنامەو رێبازە دەردەچێت یان لادەدات، بۆیە لەجیاتی ئەوە تاقمگەری گەشەی دەکرد. ناکۆکییەکان، کە زۆربەی لەسەر بەرژەوندی و پایەو دەسەڵات بوو، تادەهات کەڵەکەی دەکردو چەندین گروپی بەرژەوەندی دروستبوو، کە هیچی لەسەر بیرو کار نەبوو، دەستیان کرد بەململانی، ئەوە باری ناو یەکێتی ئاڵوزتر کرد، سەرقاڵبوونی سکرتێری گشتیش بەشەڕە ناوخۆییەکان، مەبەستە دەرکی و ئینتەرناسیۆنالیەکان ، نەویستنی مام جەلال بۆ زیزکردنی هاوەڵ وهاوڕێکانی و دەرک نەکردنی تەواو لەزیانی گەورەی ئەو تاقمگەریانە، وایکرد ئەو بەتوندی لەوانە نەدات. چەند جار بەناوی ریفۆرم و چاکسازییەوە سەرکردەکانی گروپەکان ریزبەندیان دروستکرد، بەتایبەت پاش رووخانی رژێم و سەرقاڵبوونی مام جەلال بەکارەکانی بەغدا و ئەوە بەهەل زانرا، لەگەڵ چەند هەڵەی تاکتیکی، بەڵام ئەوان تەنها دژایەتی سکرتیری گشتی کۆی دەکردنەوە، نەوەک بەرنامەیەک کەخاڵەکانی دیاربێت و بزانرێت ناکۆکی ئەوان لەگەڵ مام جەلال چیە، بۆیەش زوو ئەوان لەیەک داترازان، بەڵام هەوڵی تر درا بەرامبەر بەشەخسی سکرتێری گشتی و سەرئەنجام بەشێک لەیەکێتی دەرچوون (لەوکاتانە چەندین نووسینم لەسەر هۆیەکان بڵاوبووەوە).

هۆی سەرەکی ئاڵۆزییەکان چوار مەبست بوو، یەکەمیان نەبوونی بەرنامەو رێبازێکی نووسراوی دیار کەیەکێتی لەسەری بڕوات وهەوڵنەدان بۆ پیادەکردنی بەپراکتیک، هیچ نەبێت لەژێر ئیدارەی خۆی لەسلێمانی. موحاسەبەنەکردنی سکرتێری گشتی بۆ گروپەکان وهەوڵنەدانی بنەبڕکردنی گروپگەری ومامەڵەی نەرم لەگەڵیان و دڵنەهاتنی لێدانی نزیک و دۆستەکانی، نەبەستنی کۆنگرەکان لەکاتی خۆیدا و کەڵەکەکردنی کێشەکان، پاش چەندین رووداوی گەورە لەکوردستان، عێراق، ناوچەکە و جیهانیش. ریکنەکەوتن لەگەڵ پارتی لەسەر بەرنامەو کردنی بەمەرج بۆ بەشداری لەحکومەت، لەگەڵ چەندین هۆی تر کەکاتی خۆی باسکراون.

ئێستا باسی کۆنگرەی یەکێتی دەکرێت، وەک دەردەکەوێت  بڕیاڕیشی لەسەر دراوە. بەشارەزایی، ئەزموون و بۆچوونی من  وەک کادرێکی دێرین، بەدەرس وەرگرتن لەکۆنگرەی پێشوو و رووداوەکان و باری ناوخۆی یەکێتی، پەیوەندیەکانی، باری ناو هەرێم وعێراق و ناوچەکەش، بەستنی کۆنگرە پێویست و گرنگە، بەتایبەت بەستنی پێش هەڵبژاردن ( بەندە ئەمەم پێش بڕیاردانی کۆنگرە ناردبوو بۆ رۆژنامەکان و چەندین کەسایەتی ناو یەکێتی. ئەو بڕیاڕەش کە درا بۆ بەستنی کۆنگرە بەگونجاو دەزانم ، گەر لەسەر بنەمای راست و دروست ببەسترێت و بەتەواوەتی هەموو قۆناغ و بارودۆخەکە لەیەک بداتەوەو کارنامەشی لەسەر ئەوە بینا بکاتەوە). گەر یەکێتی بتوانێت کۆمەڵێک خاڵ جێگیر بکات وهەر لەئێستاوە کاری دروستی بۆ بکات، دەتوانێت نەوەک تەنها خۆی کۆبکاتەوە، بەڵکو دەنگی زۆری دەنگدەرانیش بۆ خۆی راکێشێت، بەڵام لەم ماوەیە بەکۆمەڵێک کردەوەش بیسەلمێنێت و بە راستی بگەڕێتەوە بۆ لای جەماوەر.

یەکەم : کۆنگرە، دەبێت ئەوانە بەشداربن، کە بەڕاستی کادرن، ئاستی رۆشنبیری و سیاسیان بەرزە، رۆڵی جەماوەریان هەیە . لەئاست و پیشە و تەمەنە جیاوازەکان بن، رێژەی پێویست بۆ ژنان دانرێت، پسپۆری بیرو شارەزای هەموو بوارەکانی تیدا بێت، بە راست نوێنەرایەتی قاعیدەو جەماوەری یەکێتی بکەن.

دوو: بەرنامەو پەیڕەو، لیژنەی زۆر شارەزا دامەزرێت بۆ دارشتن و پێداچوونەوەی بەرنامە و کردنی بەپرۆگرامێکی سۆسیال دیموکراتانە (کەزۆر ئاسانە ، لەبەرئەوەی چەندین پرۆژەی ئامادەکراوی دەیانی وەک من هەیە). پێڕەویش بەشێوەیەک داڕیژرێت و ئۆرگانەکان بەجۆرێک دامەزرێن،  کە لەگەڵ بەرنامەکە بگونجێت و کاری پێبکرێت، چەندین پرۆژەش ئامادەیە.

سێ : سەرکردایەتی ، ئەزمونی دوا کۆنگرە دەریخست هێشتا مەبەستی هاوسەرۆکی لەناو کورد سەرکەوتوو نیە، لەزۆر لەحزبە سۆسیال دیموکراتەکانیش ئەوە نیە، بۆیە سەرۆک و یەک جێگر رەنگە زۆر باشتر بێت. دابەشکردنی ئەرک ، بەحسابکردن بۆ جێگر، بەڵام جێگریش خۆی بەسەرۆک نەزانێت. سەرکردایەتیەکی چالاک و م.س  کە بەڕاستی رۆڵیان هەبێت و خەڵکی بەتوانا و شارەزا بن، بەدروستی هاوکاری سەرکردایەتی حزب بن.

چوارەم : یەکێتی کارنامەیەک دانێت کە مەرجی بەشدارکردنی لەحوکمڕانی جێبەجێکردنی لایەنی کەمی خاڵەکانی ئەو کارنامەیە بێت، نەوەک حیسە لەحوکمڕانی.

پێنجەم : بەچڕی بەگژ گەندەڵی و قۆرغکردن و کاری خراپدا بڕوات (یەکێک بەتەنگ، رابردوو، داهاتووی یەکێتیەوە نەیەت، بۆ یەکێتی موراعاتی بکات؟ ) تاجەماوەر متمانەی پێبداتەوە.

شەشەم : کارە خزمەتگوزریەکان بخاتە ئەولەویەتی کاری و پێداگری لەوە. هەرزانکردنی نرخی ئەوانەش بۆ کەمکردنەوەی ئەرک لەسەر هاووڵاتیان. سەلماندی ئەوەی کەموچە فەزل نیە ، بەڵکو مافێکی وەرگیراوی موچەخۆران و خانەنشینانی فعلیەو داکۆکی کردنی تەواو لەوانە.

حەوتەم : کۆکردنەوەی هەموو کادرە دورەپەرێزەکانی کەهەڵوێست و ئەزموون و شارەزاییان هەیە. کۆکردنەوەی ماڵی خۆو نەهێڵانی تەشەنەکردنی درز، بەو وتەیەی مام جەلال (کەهیچ کەسمان لا زیاد نیەوهەموو کەس پێویستە...) بەهەوڵدان بۆ هێنانەوەی ئەوانەش کە زیز بوون، بەدوو ئاراستە، کەئەوان بێ یەکیتی هیچ نین، یەکیتیش بەدورەپەرێزی بەشێک لاواز دەبێت، بەڵام ئەوەش روون بێت کە تاقمگەری  قابلی قبوڵ نیەو دەبێت یەکێتی یەک دەست بێت، بەوە دەتوانێت بەهێزبێت و کار بۆ خەڵک بکات.

هەشتەم: سیاسەتێکی روونی هەبێت بۆ ناوچە دابڕاوەکان و کاری لەسەربکات لەگەڵ لایەنەکان

نۆیەم: پەیونەدیەکانی لەسەر بناغەی خزمەتکردن بەبەرنامەکەی بینا بکاتەوە ، حەدی کەمی( الحد الادنی ) دەستنیشان بکات ، خەڵکە شارەزاکانی لەبواری دیبلۆماتیک بخاتەگەڕ بۆ ئەو کارانە.

گەر یەکێتی ماوەیەکی گونجاوی پێش هەڵبژاردن ئەو کارانە بکات، دڵنیام کە لای کەمی ٥٪ - ٧٪ لەم هەڵبژاردنە دەنگی زیاد دەکات. گەر خەمساردیش بکات، رەنگە دەنگی بەڕیژەی بەرچاو کەمتریش بکات.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار