دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا رادەستکردنەوەی بارەگاکەی پارتی لە کەرکوک رابگرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاریدا بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکوک چۆڵبکرێت کە پێشتر بارەگای پارتی بوو هەتا ئەو کاتەی بڕیارێکی دیکەی لێدەدرێت و سکاڵاکەی لەسەر یەکلایی دەکرێتەوە.
لە راگەیدنراوێکدا دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڵاویكردەوە، بڕیاردراوە ئەو بارەگایەی لە ئێستادا تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق چۆڵبکرێت تا ئەو کاتەی بڕیارێکی دیکەی لەسەر دەدرێت، ئەمەش دوای دانیشتنێکی تایبەت بەو پرسە کە پەرلەمانتارێکی عێراق لە کەرکوک سکاڵای کردووە دژی بڕیارەکەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تایبەت بە رادەستکردنەوەی ئەو بارەگایە بە پارتی.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدابوو ئەو بارەگایە رادەستی پارتی بکرێتەوە، بەڵام دوای سکاڵاکە ئەو بڕیارە راگیراوە کە لە سکاڵاکەدا هاتووە پێویستە ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران هەڵبوەشێنرێتەوە.
هەفتەی رابردوو پێکهاتەی عەرەب و چەند گروپێکی حەشدی شەعبی دژی بڕیارەکەی سودانی وەستانەوە و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد کە تێیدا رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت.
دواتر لە رۆژی شەممەدا بەهۆی داخستنی رێگاکە هاوڵاتیانی کورد خۆپیشاندایان ئەنجامدا و پێکدادان لەنیوان هەردوولا دروست بوو، پاشان سوپای عێراق بڵاوەی بە خۆپیشاندەرانی کورد کرد و تەقەی بەنێو خۆپیشاندەراندا کرد کە لە ئەنجامدا پێنج کەس شەهیدبوون و زیاد لە 15 کەسی تریش برینداربوون.
