بکوژی رەحیم زەبیحی لە سنە لەسێدارە درا

4 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای 7 ساڵ، بکوژی رەحیم زەبیحی و کەیوان زەبیحیی برای لە زیندانی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە درا.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئەیلوولی 2025 تەیب زەبیحی، کوڕی کەیوان زەبیحی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 31-08-2025، بکوژی کەیوان زەبیحیی باوکی و رەحیم زەبیحیی مامی، لە گرتووخانەی ناوەندی سنە لەسێدارە درا.
تەیب زەبیحی گوتی، "تاوانبار خزمێکی خۆمان بووە، ساڵی 2018 بەهۆی کێشەی داراییەوە باوکم و ماممی سووتاند و گیانیان لەدەستدا، بەڵام هەر زوو تاوانەکە ئاشکرا بوو و تاوانبار دەستگیرکرا، دواتر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دوێنێ سزاکەی جێبەجێ کرا."
لە 07-12-2018 رەحیم زەبیحی و براکەی بەناوی کەیوان زەبیحی، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیان بە سووتاوی دۆزرانەوە، سەرەتا گومان دەکرا کە رووداوی هاتووچۆ بێت، بەڵام دواتر دەرکەوت رووداوەکە بە ئەنقەست بووە.
دوای 24 کاژێر ئەکبەر عەباس پوور، خزمی ئەو دوو برایە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا و دانی بە تاوانەکەیدا نا.
بكوژەكە باسی لەوە کردبوو، "رۆژی رووداوەكە رەحیم زەبیحی و براكەی دەعوەت كردووە بۆ قاوەخانەیەك و لەوێ حەبی بێهۆشكەری پێداون، دواتر بۆ ماوەی یەك كاژێر بە دەوروبەری شاردا پیاسەی لەگەڵ كردوون و دوو براكەی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا بردووەتە شیوێكی كەناری رێگاكە و بەنزینی پێدا كردوون سووتاندوونی."
رەحیم زەبیحی كوڕی (مستەقا زەبیحی) یەكێك لە كەسایەتی و بنەماڵە ناسراوەكانی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستانە.
زەبیحی ساڵی 1971 لە شاری بانە لەدایكبووە، ئەو 20 ساڵ ئەزموونی كاركردنی هەبوو لە بواری دەرهێنان و سیناریۆدا.
لە هەرێمی كوردستان رەحیمی زەبیحی زیاتر دوای دەرهێنانی درامای کۆمیدی "ماڵەكەی مەعرووف" ناسرا، كە بینەرێکی زۆری هەبوو لە هەرێمی کوردستان، هەردوو ئەکتەری کۆمیدی ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا رۆڵی سەرەکییان لە درامەکەدا بینیوە.
