فەرماندەی میحوەری پردێ: پلانمان هەبوو بەرەو کەرکوک جووڵە بکەین

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە لە پشکی پارتی رایگەیاند، پلانیان هەبووە بەرەو کەرکوک جووڵە بکەن بەڵام هەندێک بەرپرسی عێراقی پەشیمانیان کردوونەتەوە، دەشڵێت، لیواکانی دوو و دە ئامادەییان هەبوو کە بەرگری بکەن.
نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەی پردێی هێزی پێشمەرگە، لەسەر گرژییەکانی دوێنێ شەممە لە کەرکوک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەندێک بەرپرسی دڵسۆزی عێراق دەستوەردانیانکرد و داوای دان بەخۆدا گرتنی لێکردین، ئەگینا پلانمان هەبوو بەرەو کەرکوک بڕۆین. چۆن دەبێت خوێنی کورد لەکەرکوک بڕژێت و ئێمە دەستەوەستان بین."
کوردانی کەرکوک دوێنێ شەممە خۆپیشاندانیان دژی داخستی رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێر ئەنجامدا کە لەلایەن پێکهاتەی عەرەب و بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە ماوەی نزیکەی هەفتەیەک بوو داخرابوو بەهۆی نارەزایەتییان دژی بڕیاری رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی بە حیزبەکە.
بەهۆی دروستبونی گرژی و ئاڵۆزی لە خۆپیشاندانەکانی دوێنی و تەقەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو خۆپیشاندەرانی کورد، چوار کەس شەهید بوون و 15 کەسی تریش برینداربوون.
فەرماندەی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە لەسەر داخستنی رێگاکە دەڵێت کە پلانی شۆڤێنییەکان بووە.
"داخستنی ڕێگەی کەرکوک_هەولێر و دژایەتیکردنی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک پلانی شۆڤێنییەکان بوو، گەر پێشتر خێوەتەکە لابرایەو ڕێگەکە بکرایەتەوە، خوێنی گەنجی کوردیش نەدەڕژا،" نوری حەمە عەلی وای وت.
هاوکات لە لێدوانێکی تریدا نوری حەمە عەلی رایگەیاند، شەوی رابردوو سەردانی لیواکانی دوو و دەی کردووە و پێی راگەیاندوون کە بابەتەکە پەیوەندی بە هەموو کوردەوە هەیە و هەموومان دەبێت بەرگری بکەین، ئەوانیش ئامادەبوون بۆ هەر شتێک کە رووبدات.
