بڕیارێک لە مەسرور بارزانییەوە سەبارەت بە شەهیدان و بریندارەکانی کەرکوک

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بڕیاردرا شەهیدانی روداوەکانی دوێنێ کەرکوک مامەڵەی شەهیدانەیان لەگەڵ بکرێت و هاوکاری بریندارەکانیش بکرێت.
پێشەوا هەورامانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، "لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆک بارزانی، لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، فەرمان کرا کە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی ڕووداوەکانی دوێنێی کەرکووک بکرێت و هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و چارەسەریش بۆ بریندارەکان فەراهەم بکرێت."
دوێنێ شەممە لە خۆپیشاندانی کوردانی کەرکوک دژی داخستنی رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێر پێنج کەس شەهید بوون و زیاد لە 15 کەسی تریش برینداربوون دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان بەناو خۆپیشاندەراندا کرد.
