مەسرور بارزانی: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەسەر بارەگاکەی پارتی گاڵتەجاڕییە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەبارەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی کە بڕیادرا رادەستکردنەوەی بارەگایەک لە کەرکوک بە پارتی بوەستێندرێت، دەڵێت: بڕیارێکی گاڵتەجاڕییە.
ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا ئەو بارەگایەی لە ئێستادا تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق چۆڵبکرێت تا ئەو کاتەی بڕیارێکی دیکەی لەسەر دەدرێت، ئەمەش دوای دانیشتنێکی تایبەت بەو پرسە کە پەرلەمانتارێکی عێراق لە کەرکوک سکاڵای کردووە دژی بڕیارەکەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تایبەت بە رادەستکردنەوەی ئەو بارەگایە بە پارتی.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدابوو ئەو بارەگایە رادەستی پارتی بکرێتەوە، بەڵام دوای سکاڵاکە ئەو بڕیارە راگیراوە کە لە سکاڵاکەدا هاتووە پێویستە ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران هەڵبوەشێنرێتەوە.
سەبارەت بەم بڕیارە، مەسرور بارزانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی: بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی گاڵتەجاڕییە.
بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە بەهۆی داخستنی رێگای کەرکوک-هەولێر هاوڵاتیانی کورد خۆپیشاندایان ئەنجامدا و پێکدادان لەنیوان کورد و پێکهاتەی عەرەب دروست بوو، پاشان هێزە ئەمنییەکانی عێراق بڵاوەی بە خۆپیشاندەرانی کورد کرد و تەقەی بەنێو خۆپیشاندەراندا کرد کە لە ئەنجامدا پێنج کەس شەهیدبوون و زیاد لە 15 کەسی تریش برینداربوون.
هەفتەی رابردوو پێکهاتەی عەرەب و چەند گروپێکی حەشدی شەعبی دژی بڕیارەکەی سودانی وەستانەوە و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد کە تێیدا رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت.
