رەهەندەکانی کەرکوک

8 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

کەرکوک لەچەندین رووەوە تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەمەش وەها دەکات کەجیاواز لەهەر جێگاکانی تر ببینرێت لەعێراقدا. لەخوارەوە تێڕامانی خۆمان لەمبارەوە بەکورتی دەخەینەڕوو.

یەکەم، پرسی خاوەندارێتی. کێشەی خاوەندارێتی کەرکوک سەرەتا تورکمان دەیوروژێنن، لەساڵی ١٩٥٨ کەسێک بەناوی شاکر عومەر لەڕۆژنامەی ئەهالی بابەتێک بەناوی مێژووی گەلی عێراق دەنووسێت. بابەتەکە راستەوخۆ ئاماژە بەکەرکوک نادات، بەڵام مەبەستەکە روونە. سەرجەمی باباتەکە لەژێر کاریگەری تیورەی خۆری تورکیدا نووسراوە، کەزمانەکانی دونیا هەمووی وەها دەبینێت کە لەزمانی تورکیەوە سەرچاوەی گرتبێت. بەم پێیە نووسینەکەی شاکریش عێراق و میسۆپۆتامیا وەها دەبینێت کە لەبنەڕەتدا تورکە.

ئەو رۆژگارە کەمال مەزهەر لەبەغدا دەخوێنێت، کاتێک ئەم نووسینە دەبینێت تووڕە دەبێت و بە شەش بەش لەهەمان رۆژنامەدا وەڵامی دەداتەوە. نووسینەکانی کەمال مەزهەر خوێنەرێکی زۆری دەبێت، بەجۆرێک کەنرخی فەرمی رۆژنامەی ئەهالی ١٦ فلس بووە، بەڵام ئەو ژمارانە نرخی هەر دانەیەک دەگاتە زیاتر لەسەد فلس. کەمال هەمان میتۆد بەکاردەبات، کەئەویش میتۆدی کێ کۆنترە لەشارەکەدا. کەمال هەوڵی ئەوە دەدات کەبیسەلمێنێت کورد کۆنترەو تورکمان تازەن و لەگەڵ عوسمانییەکاندا هاتوون.

رەنگە فاکتەری سەرەکی ترسی تورکمان ئەو بەشاربوونە بێت کە لەئەنجامی نەوتەوە لەشارەکەدا هاتەئاراوە. بەشاربوونێک کەمۆدێرنەی لەگەڵ خۆیدا نەهێنا. بەڵکو بووەمایەی ترس و بەریەککەوتن.

دووەم، سەرەتای حەکایەتەکان. دەکرێت بوترێت کە سێ حەکایەتی سەرەکی لە کەرکوک هەیە. حەکایەتی تورکمانیبوونی، هەروەها کوردستانیبوونی کەپاشان سەرهەڵدەدات لەگەڵ عێراقیبوونی. تورکمانیبوونی بەشێکە لەحیکایەتی تورکمان و دەوڵەتی تورکی. دەوڵەتی تورک هەمیشە کەرکوکی وەها بینیوە کەکورد دەخاتەسەر کەڵکەڵەی سەربەخۆیی، بۆیە دژ بەوەیە کە سەر بەکوردستان بێت. هەرچەندە قۆناغێک هەبوو تورکیا دژ نەبوو، بەتایبەتی پێش ریفراندۆم. حەکایەتی کوردستانی پڕە لەسیمبول و سەربوردەی تراژیدی، هەروەها کرداری سەقەت. کورد هەلێکی زێڕینی بۆ هەڵکەوت کە لەئەنجامی شەڕی داعش بوو بەحاکمی ئەو شارە، بەڵام خراپی حوکمڕانی زیانی گەورەی لێدا لەوبارەوە.

حەکایەتی عێراقی لەچەند ئاستێکدا جێگای سەرنجە. عێراقی یانی عەرەبی، وەک یەحیا کوبەیسی دەڵێت. بەڵام عێراقیبوون رەهەندێکی رووپۆشی هەیە کەگوایە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون لەپرسەکە دەڕوانێت. دیارە پرسی کەرکوک تەنها پرسی خەڵکەکانی نیە، بۆیە ئەو تێزەی عێراقچییە کوردەکان پاڵی دەنێن گوایە ئەگەر کورد خۆی بەعێراقی بزانێت کێشەکان هەموو نامێنن، زۆر ساویلکەیە. پرسی عێراقیبوون پرسی خاوەندارێتییە، نەک هاووڵاتێتی. خاوەندارێتی دەوڵەت، کرۆکی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ نەوت، کەتەنها پەیوەندی بەکوردەوە نیە، راستەوخۆ.

ئەگەر پرسی هاووڵاتیبوون راستییانە بێت نەک تەنها موزەیەف، ئەوا پرسێکی باشە، بەڵام مێژوی عێراق وەها ناڵێت. چەمکی وەتەن و مواتن، بەشێکە لەخیتابی ناسیونالیزمی عێراقی لەبەرامبەر قەومی و عروبە. کە بەشێکە لەململانێی وەتەنی و قەومییەکانی ناو عەرەبی سوننە لەعێراقدا یان شەڕی قاسم و ناسر.

هاووڵاتییبوون، زۆر لەوە ئاڵۆزترە عێراقییەکان نەک پیادەی بکەن، بەڵکو لێت تێبگەن. هاووڵاتیبوون یانی باڵایەتی یاسا. ئەمەش یانی بەمەرجەع بوونی دەستور، نەک سیستانی یان هەرکەس و تێزێکی تر. کاتێک عێراقی وەڵامە بۆ کوردستانی یان تورکمانی، مانای وەهایە پەراوێزخستنی ئەم دوانەی ترە، کەواتە کۆتایی هاتن بەخیتابی هاووڵاتیی. هاووڵاتیبون یانی کەرکوک شاری کوردو تورکمان و عەرەبە، بەبێ ئەوەی شاری هیچ کامیان بێت. رەنگە لەچەند سەدەی داهاتوودا بتوانرێت قسە لەسەر حوکمی یاسا بکرێت لەعێراقدا.

سێیەم، نەوت. لەشەستەکان ناسیونالیزمی عێراقی، وەک بەشێک لەشەپۆلی ناسیونالیزمی جیهانی سێ، کڵپە دەسێنێت. ناسیونالیزمی جیهانی سێ، تێکەڵەیەکی سەیرە لەدژە کۆلۆنیالیزم، دژە رۆژئاوایی، دژە سەرمایەداریی و هەندێک دژی تر. ئەم جۆرە ناسیونالیزمە لەهیچ کوێی دونیادا سەرکوتوو نەبووە لەهێنانەئارای حوکمی باش. پرسی دژایەتی، کەکرۆکی ئەم ناسیونالیزمەیە دەبێتە کرۆک و ناتوانێت کراوەبێت بەرامبەر شتێک. لەعێراقدا ئەم دژایەتییە، دەیخاتە ناو ململانێی جەنگی ساردەوە، ئەمە بەتایبەتی کاتێک حکومەتی پێش ناسیونالیزمی عێراقی وەها لەقەڵەمدەدرێت کە دەسکەلای رۆژئاوایە، مەبەست عێراقی پادشایەتییە. خۆماڵیکردنی نەوت دەبێتە کرۆکی ئەم کڵپەی ناسیونالیزمە. لەساڵی ١٩٦١ پرۆسەکە دەستپێدەکات، هەتا لەبڕیاری ژمارەی هەشتای ساڵی ١٩٧٢دا خۆی دەبینێتەوە. ئەم بڕیارە کە بەبڕیاری خۆماڵیکردنی نەوت ناسراوە، کەرکوک تیایدا چەقە، بەجۆرێک کە ناوی پارێزگاکە دەگۆڕدرێت بۆ تەئمیم یانی خۆماڵی. نەوت پاش ئەمە دەبێتە چەک، ئامرازێک بۆ دژایەتی ئیمپریالیزم و زۆر شتی تر.

چوارهەم، تەعریب. کەرکوک دەبێتە چەقی تەعریب چونکە تەعریب دەرئەنجامی راستەوخۆی خۆماڵیکردنی نەوتە. گۆڕینی دیموگرافی کەرکوک دەرئەنجامی راستەوخۆی تێکەڵەی خیتابی ناسیونالیزمی، عەرەبی و عێراقی و خۆماڵیکردن و دژایەتی ئیمپریالیزمە. تەعریب بەشێکە لەپرۆسەی ئاسایشی وزە. عێراق بۆ دڵنیابوونی عەرەبێتی و عێراقێکی کەرکوک و نەوتەکەی هەڵدەستێت بەگۆڕینی دیموگرافییەکەی. پرۆسەی تەعریب، مۆدێلێکی کۆنی کۆلۆنیالییە کەپێی دەڵێن پلانتەیشن، یانی چاندن. خەڵێک لەشوێنێکی ترەوە دەهێنرێت بۆ شوێنێکی تر، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی. کورد قوربانی یەکەمی ئەم پرۆسەیەیە.

پێنجەم، سەربەخۆیی. لەپاش لاوازبوونی عێراق و بانگەشەی کورد بۆ ریفراندۆم، پرسی کەرکوک رەهەندێکی تر وەردەگرێت، ئەویش رەهەندی سەربەخۆیی کوردە. ئەم رەهەندە لەڕەهەندەکانی تر ترسناکترە، چونکە راستەوخۆ وڵاتانی ئیقلیمی دەهێنێتە سەر خەت، (ئەگەر بەزمانە سیاسییە عەوامەکە قسە بکەین). بۆ تورکیا ئەمە بڤە و نەبووە، بۆ ئێران هەروەها. بۆیە لەکاتی ریفراندۆمیشدا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بەبێ کەرکوک ئاساییە. چونکە دیدی ئەوانیتر وەهایە بەبێ کەرکوک سەربەخۆیی کورد بوونی نابێت. ئەم رەهەندە وەها دەکات کەکەرکوک لەشارێکی تری عێراقی نەچێت، بەڵکو رەهەندێکی راستەوخۆی ئیقلیمی هەبێت، جگە لەوەی کەناوچەی بەریەککەوتنی قەڵەمڕەویی تورک و فارسە لەعێراقدا.

شەشەم، ململانێی کوردی کوردی لەکەرکوک. یەکێتی و پارتی هەریەکەیان دیدێکی جیاوازیان هەیە بۆ کەرکوک، نەک تەنها بەمیتافۆرکردنی لەڕێگای دڵ و قودسەوە، بەڵکو لەشێوازی پەیوەندی و مامەڵەوە. سەردەمانێکی زۆر بۆ پارتی شارێکی دەرەوەی قەڵەمڕەویی بوو، بۆ یەکێتی ناوچەیەکی پوخت بوو، وەک مێرگەسور بۆ پارتی. بەڵام شکستی یەکێتی لەمامەڵە لەگەڵ ئەو شارەدا، وەهایکردووە کەپارتی هەست بکات دەتوانێت قەڵەمڕەویی تیادا دروستبکات. ئەمەشە وەهایکردووە کە پارتی لەکەرکوک سەرکێشی بکات و یەکێتی پارێزەر یان موحافەزەتکار بێت. ئەم شێوە بەحزبیکردنی شارەکە هۆکاری دۆڕاندنی بوو.

کۆتایی

رژێمی سیاسی ئێستای عێراق ناتوانێت پرسی کەرکوک چارەسەر بکات. سیاسەت لای ئەم رژێمە سیاسییە تەنها بریتیە لەبردن و بەشکردن. کرۆکی فەلسەفەی حوکم لەعێراقدا لەئەنفالەوە هاتووە. ئەمە بۆ یەکێتی و پارتیش راستە؛ ئەوانیش شارەکە وەک موڵک و غەنیمە دەبینن.. ئەم دیدە لەحوکمڕانی تەنها دەزانێیت خۆی بسەپێنێت، ببات، ئەویتر سەرکوت بکات، نەک هاووڵاتێتی و نیشتمانی و دەزگاو دیموکراسی بچەسپێنێت. نەوت یەکێکی ترە لەڕێگرەکان، چونکە نەوت کەرکوک دەکاتە شارێکی سیمبولی و کڵپەی ناسیونالیزمی عێراقی. بەڵام لەسەرووی هەموویەوە دەستوەردانی هەرێمایەتی.

ئێستا نەک هەر لەئاستی حزبی بەڵکو لەئاستی کۆمەڵایەتی و جەماوەریش لەناو کوردا پەرتبوون هەیە دەربارەی کەرکوک. بۆ کوردی هەرێمی کوردستان، ئێستا موچە یان نان بەرامبەر هەموو شتێکە. خەڵکی موچەخۆر ناتوانن هیچ شتێکی تر جگە لەموچە ببینن. بۆیە ئەستە بۆیان لەکەرکوک تێبگەن کەدەربارەی ئازادییە. ئەو رایەی کاک سیروان عەبدول کەدەڵێت: دەبێت ئەزموونی ئەوەت هەبێت وەک کوردێک لەناو شاری کەرکوک ژیابیت، ئینجا دەتوانیت لەو تووڕەییە زۆرەی ناخی کوردانی ئەو شارە تێبگەیت کە ئاوا هێناونیەتیە سەر جادەو خۆیان بەکوشت دەدەن.

ئەوەی کە پێتوابێت ئەو خەڵکە، لەبەر فەقیرحاڵیی و کەمیی هۆشیاریی سیاسیی، سەر لەوەزعەکە دەرناکەن و، پێتوابێت ئەو خەڵکە تەنها بەهاندانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاوا ریسک بەژیانی خۆیانەوە دەکەن، ئەوا بزانە کەئەگەر کەسێک هەبێت لەو نێوەندەدا کە فەقیرحاڵەو لەبەر کەمیی هۆشیاریی سیاسیی سەر لەوەزعەکە دەرناکات، تەنها تۆیت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار