کۆیلەی ئازاد: نەبوونی چینی ناوەند

10 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

دونیای کوردی پڕیەتی لەباسوخواس دەربارەی ئازادی. خەڵکێکی زۆر ناویان ئازادە. ئەمە نیشانەی، ئارەزووە بۆ ئازادی و لەهەمانکاتدا  بوونی کۆیلەیەتییە [لێرەدا ئارەزووکردن وەک چەمکێکی دۆلۆزی بەکاردەبەم، کەڕاستەوخۆ پەیوەندی بە لاک یان نەبون یان نوقسانیەوە هەیە]. ئەم رۆژانە کەچاودێریی دۆخی کوردستان دەکەم، وەها هەست دەکەم کەدیسانەوە دوانەی کۆیلەبوون و ئازادبوون زۆر دڵتەنگانە خۆی نمایش دەکات. کورد گۆرانی و دروشم و شیعری زۆرە دەربارەی ئازادی، هەموو ئەمانە شێوازی دەربڕینی سەقەتن. عەقڵی شیعریی، بەتایبەتی شیعری کورد، ئێجگار سەقەتدۆست و کوشندەیە.

یەکەم بەربەستی سەخت کە دێتەڕێی ئازادی نانە. پەیوەندی نێوان ئازادی و نان پەیوەندییەکی ئاڵۆزە. خەڵکێکی زۆر لەکوردستان ئامادەن دەستبەرداری ئازادی بن لەبەرامبەر نان یان موچەدا. بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێت لەوە بەئاگابین کە نان یان پارە، لەسیستەمێکی سەرمایەداریدا، کرۆکی ئازداییە، بەڵام لەهەمانکاتدا کرۆکی کۆیلەیەتییە. پارە نەک بەوەی کەدەبێتە پێداویستییەکی ناچاریی، بەڵکو لەناو کایەی سیاسیدا بەکاردەبرێت بۆ بەرهەمهێنانی جۆرێک لەکۆیلەیەتیی.

لەمیانەی بیرکردنەوەم لەو دۆخە ئاڵۆزەی ئەمڕۆی کوردستان، دوانەی کۆیلەو ئازادیی، پرسێکی سەرەکی فەلسەفەیی بوو لام. لەساڵی ٢٠١١ بەختیار عەلی لە سەرای ئازادی هاوار دەکات: نا بۆ نانێک لهسهر حیسابی ئازادی بێت... نا بۆ ژیانێکی خۆش که لهسهر حیسابی فرۆشتنی ئینسان بێت بۆ کهرامهتی خۆی. ناشرینترین سیفهتی ئهم سیستمه سیاسیهی ئێمه ئهوهیه کهمرۆڤهکان ناچار دهکات وهلائی سیاسی بفرۆشن.

 بۆچی کورد لەمێژوودا داوای ئازادی دەکات، کەچی خۆی ناتوانێت ئازادبێت یان ئازادی بەرهەم بهێنێت؟ ئەمە یەکێکە لەو پرسە ئاڵۆزانەی کەئەمرۆ رووبەڕووی مرۆڤی کورد بووەتەوە. بەم پێیە کاتێک کەسێک داوای ئازادی دەکات، مەرج نیە ئازادیخوازبێت یان بیەوێت ئازادی پەیڕەوبکرێت. ئەم ئاڵۆزییە چەندین ئاستی هەیە. یەکەم، دەکرێت داوای ئازادی بکەیت و دژی بیت، بەبێ ئەوەی هەست بە دووفاقی بکەیت. دووەم،  دەکرێت ئازادیخوازبیت و نەزانی ئازادی چیە. سێیەم، دەکرێت، بەردەوام باس لەئازادی بکەیت و نەزانیت چۆن بەرهەمی بهێنیت. لەهەمانکاتدا، ئەگەر باس لەئازادی لەدونیای کوردیدا جۆرێکە لەدژایەتی یان بوونی کۆیلەیەتی، ئەوا دیدی کۆیلە بۆ ئازادی جیاوازە. کۆیلە رەنگە کاتێک خۆی ئازاد دەبێت، خواستی کۆیلەکردنی ئەوانیتر وەک جۆرێک لەپیادەکردنی ئازادی ببینێت.

خەڵکی یان دەگەن بەئازادی یان دەبێت ئازادییان بۆ دابین بکرێت. گەیشتن بەئازادی پرۆسەیەکی ئێجگار ئاڵۆزە کە بەچەندین قۆناغی سەختدا تێدەپەڕێت، وەک بەئاگابوونەوە، دانپیانان، خودئاگایی، پاککردنەوەی خود لەحەزیی کۆیلەیی و ئامادەیی بۆ سەختی و ئازار، سەربەخۆبون بێ گومڕابوون و  نەبوونی هەست بەکەمیکردن. دیارە بەشی زۆری گومڕایی لە ەست بەکەمیکردنەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک چێژت بینی لەوەی کەکۆیلەت هەبێت، ئەوا نەک هەر ئازادنیت بەڵکو نازانی ئازادیش چیە. بەڵام ئەمجۆرە ئازادییە باڵایە، کاری کەمینەیەکە، بەگشتی خەڵکی وەهایان پێباشە کەهاوکاریی و پشتگیریی و رێنماییی و رەچاوێتی بکرێن و لەژێر سایەی باوکێک یان سیستەمێکی باوکانەدا بژین. بۆیە ئازادی لێرەدا هەمیشە ئازادییەکی سنوردارە. زۆر خەسڵەت لەدونیای کوردیدا،  چ ئابوری، کەلتوری، ئاینی، ئامرازی سەرەکی نەبوونی ئازادین. ئەمانە لەسەر ئەوە کۆکن کە ژیان تەنها بریتیە لەکردەیەکی بایولۆجی نەک سیاسی. بەم پێیە مرۆڤ نابێت کەسێکی سیاسی بێت، بەڵکو دەبێت هەوڵی ئەوە بدات کە پێداویستییەکانی ژیانی وەک زیندەوەرێک بۆ بەدەستبێت یان دەستەبەر بکرێت. ئەم پرسە ئاڵۆزە، ژیانی بێ سیاسی، کرۆکی یەکێک لەپرۆژەکانی جۆرجیو ئەگامبینە. بەلای ئەوەوە کاتێک رەهەندی بایولۆجی ژیان دەبێتە ئەولەویەت ئەوا چۆنێتی ژیان یان کوالێتی ژیان نابێتە مەبەست. بەکورتی ژیانی ناسیاسی، ژیانێکی نائازادە. ئەو بەم جۆرە ژیانە دەڵێت ژیانی رووت.

کاتێک ئازادی و نان پێکەوە دەبەسترێن بۆ چەندین شێوازی جیاواز ئەوا چینی ناوەند بەرهەمنایەت. بۆیە دەتوانین بڵێین کەیەکێک لەئەو دیاردانەی کەئەزموونی سی ساڵەی حکومەتی کوردستان بەرهەمیهێناوە نەبوونی چینی ناوەندە. نەبوونی چینی ناوەند پرسێکی فرە ئاستە لەکوردستان. بۆ هەندێک موچەخۆر کەسێکی سەر بەچینی ناوەندە. دیارە لەهەندێک خەسڵەتدا ئەمە راستە. بەڵام موچەخۆر نابێتە چینی ناوەند، چونکە زۆر بەسادەیی خاوەن داهاتی سەربەخۆی خۆی نیە، ئەمەش وەهای لێدەکات لەدەرەوەی چینی ناوەندبێت.

ناوەندێتی لای ئەرستۆ باشترین بنەمای جڤاتی سیاسییە. بەشێک لەئیسلامیش ناوەندێتی وەها دەبینێت کەدۆخێکی باشە. ئەو چەمکی یونانییەکان بۆ ناوەندێتی بەکاریانهێناوە چەمکی مێسۆیە. کەسێک کەچینی ناوەندە، یانی نە دەوڵەمەندە نە هەژار، بەو مانایە کە بەشێک نیە لەئەو دوو جەمسەرە دوور لەیەکەی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاراندا. هەبوونی کۆمەڵگای دەوڵەمەندو هەژار بەشی هەرە سەرەکی ئەدەبیاتی مارکسیزمە. بەم پێیە کاتێک کۆمەڵگا دابەش دەبێت بەسەر دوو جەمسەری دژ بەیەکدا، یەکێکیان هیچی نیەو ئەویتریان هەموو شتێکی هەیە، ئەوا بەردەوام ناسەقامگیریی لەئارادایە، هەتا شۆڕش بەرپادەبێت و ئەم پرسە یەکلایی دەکاتەوە. ئەم هەقایەتە، گێڕانەوەی خۆشە، بەڵام پیادەکردنی هێندە خۆش نیە، وەک مێژوو بۆمانی دەرخست. ئەمەشە کە مارکسییەکان چینی ناوەند وەک چینێکی خراپ دەبینن.

لەکاتێکدا ناتوانرێت کۆمەڵگا هەمووی دەوڵەمەندبێت، ناشبێت هەمووی هەژاربێت، ئەوا چینی ناوەند، بژاردە گونجاوەکەیە. چینی ناوەند ئەو کەسەیە کەخاوەن سەربەخۆیی داهاتە. بەبێ بوونی ئەم چینە ناتوانرێت باس لەبوونی هاووڵاتی بکرێت. چینی هەژاران یان ملکەچن بۆ دەوڵەمەندان یان دەوڵەت، بۆیە هەرگیز خاوەن ئازادی خۆیان نین و راکانیان رای خۆیان نیە. بەم پێیە چینی ناوەند ئەو کەسەیە کەقسە دەکات بەبێ ترسی لە نانەکەی. کاتێک نان و ئازادی لەیەکتر جوداکرانەوە، ئەوا چینی ناوەند دێتە ئاراوە. بەڵام موچەخۆر لەبەرامبەر دەربڕینی دەنگ و رایدا سزا دەدرێت، کەواتە ئازادییەکەی سنوردارکراوە.

مرۆڤی هەژارو دەوڵەمەند بۆ کۆمەڵگا دەنگ نادەن، دەوڵەمەند بۆ سودی خۆی دەنگ دەدات، لەهەمانکاتدا پێداویستی تایبەتی خۆی هەیە، کە لەڕێگای حکومەتەوە سودی لێدەبینێت. هەژاران خواستیان مادیی و سنوردارە، نەک خواستی کۆمەڵگایی و فەرهەنگی و کەلتوریی.

نەبوونی ئەم چینی ناوەندەیە لەکوردستان، ئەمڕۆ خەڵکی وەها لێکردوە کەدەستبەرداری هەموو رەهەندەکانی تری حوکمڕانی ببێت هەتا نانی بۆ دابین بکرێت. لێرەدا مەبەستمان ئەوەنیە کە دادگەرایی هیچ کەسێک بکەین. بەڵام لەدڵی فەلسەفەی حوکمڕانی کوردیدا دژایەتیەکی گەورە هەیە بۆ ئازادی. مرۆڤی کورد دەخوازێت ئازادبێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئازادبێت، دەبێت ئاگایی و بنەماکانی بۆ دابین بکرێت. سەرەتا بنەماکان، گرنگن. ئەمڕۆ نەوت، پارە، حزب، چەک، مزگەوت، میدیاو زۆر ناوەندەکانی تر هەموو لەسەر بنەمای دژایەتی و ترس لەئازادی هەڵدەسوڕێن.

دەبێت هەست بەو نیفاقە بکەین کاتێک داوای ئازادی دەکەین، ئازادیخوازبین، نەک دژە ئازادی. مرۆڤی کوردی وەک مرۆڤی رۆژهەڵاتی راهاتووە لەسەر ئەوەی کە نائازادبێت، پیادەکەرو گوێڕایەڵ و ملکەچ بێت. ماکیاڤیللی لە میردا وەها ئامۆژگاری میر دەکات کە ئەگەر خەڵکەکەی ملکەچ بکات، ئەوا بەئاسانی ئەوانیتر دەتوانن کۆنترۆڵی بکەن. بەڵام گەلی ئازاد بۆ کەس ملکەچ ناکرێت.

دیارە بنەماکانی وەک بەشاربوون و مەسرەفگەرایی و بوونی پێداویستی زۆری ناپێویست هۆکاری تری زۆرن بۆ ملکەچبوونی مرۆڤی کوردی ئەم سەردەمە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار