تورکمانەکان: یەکێتی خۆی کورسی کۆتای بۆ تورکمانەکان لە سلێمانی ڕەتکردۆتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تورکمانەکان لەسەر کورسی کۆتاکان هاتنە دەنگ و دەڵێن، پێشتر یەکێتی خۆی رەتیکردووەتەوە، کە کورسی کۆتا بۆ تورکمانەکانی سلێمانی دیاری بکرێت.
ئەحمەد یەعقوب وتەبێژی پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پێویستە سیستەمێکی رێک و پێک بۆ کورسی کۆتای پێکهاتەکان دابنرێت، ئێمە دڵنیاین هیچ حزب و لایەنێک لەگەڵ نەمانی کورسی کۆتاکان یان دابەشکاری سیاسیی نین".
وتیشی، "کاتێک لەساڵی 2013 کە کورسی کۆتا دیاریدەکرا، نوێنەری لیستی تورکمان لەهەولێر داوای کورسی کۆتای بۆ تورکمانەکانی سلێمانی کرد، ئەوکات پەرلەمانتارانی یەکێتی وتیان: ئێمە کورسی کۆتامان بۆ تورکمانەکانی سلێمانی ناوێت، چونکە تەنها چەند فەرمانبەرێکی تورکمان لەسلێمانی هەن كه لەشارۆچکەی کفرین، بۆیە لەو سنورە پێویستمان بەکورسی کۆتا نییە، ئێمە دڵنیایین یەکێتی ئەمڕۆش لەگەڵ دابەشکردنی کورسی کۆتای تورکمان نییە لەسەر پارێزگاکانی هەرێم، چونکە یەکێتیو لایەنەکانی دیکەش دەزانن تورکمان لەسلێمانیو دهۆک ژمارەیان وەک هەولێر نییە".
قسەکانی وتەبێژی پارتی ئیرادەی نیشتیمانی تورکمان لە کاتێکدایە لە ئێستادا دوو سکاڵ لەسەر کورسی کۆتاکان و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەلە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆمارکراوە.
سکاڵاکان لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانو ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامى کریستیانەکان لەئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون کە لەدژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە تایبەتن بەژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەییو فرە بازنەیی هەڵبژاردنو ژمارەی کورسی کۆتاکان لەپەرلەمانى کوردستان.
بەگوێرەى مادەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانى کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێن، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن، هەروەها پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.

