ئەو گروپیە کێیە کەهێرشی کردەسەر هێزە سەربازییەکانی ئێران لەسیستان و بەلووچستان؟

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەرەبەیانی رۆژی هەینی ١٥ی کانوونی یەکەم، لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە هێرش کرایەسەر بنکەی هێزە سەربازییەکان لەشاری (راسک) لەپارێزگای سیستان و بەلووچستان، بەپێی ئەو هەواڵانەی لەمیدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، بەهۆی ئەم هێرشەوە لانیکەم ١١ کەس کوژران و حەوت کەس برینداربوون.

عەلیڕەزا مەرحەمەتی، جێگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان لەلێدوانێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند لانیکەم ١١ کەس لەهێزەکانی پۆلیس و پۆلیسی سەر سنوور کوژراون. هەر لەم پەیوەندەدا ئاژانسی هەواڵی فارس سەر بەسوپای پاسداران ژمارەی کوژراوەکانی بە ١٢ کەس راگەیاندو هەروەها رایگەیاند حەوت کەس برینداربوون کەباری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە.

ژمارەیەک لەسەرچاوە ناوخۆییەکان لەسیستان و بەلووچستان ئاماژەیان بەوەدا کەژمارەی کوژراوەکان زیاترە لەوەی کە لەمیدیاکانەوە راگەیەندراوە. بۆ وێنە (خلیل اللە بلوچی) چالاکی کۆمەڵایەتی، کە دانیشتووی زاهیدانە لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە داوە کە ١٥ کەس کوژراون و ژمارەیەکیش بریندارن.

مەجید میرئەحمەدی، جێگری ئەمنیەتی و سەربازی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، رایگەیاند دوو کەس لەهێرشبەرەکان لەشەڕەکەدا کوژراون و یەک کەس بەبرینداری گیراوەو ئەوانیتر هەڵاتوون.

ماڵپەڕی حال وش و کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، کەهەواڵەکانی سیستان و بەلووچستان بڵاودەکەنەوە رایانگەیاند «جیش العدل – سوپای دادپەروەری» بەرپرسیاریەتی ئەم هێرشەی گرتووەتە ئەستۆو ئێران ئەم رەوتەی وەک بکەری ئەم هێرشە ناوبرد.

ماڵپەڕی (شبکە عدل) کەماڵپەڕی فەرمی جیش العدلە، ئەم هێرشەی وەک تۆڵە ناوبردو بە فەرمی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ. لەم راپۆرتەدا ئەمانەوێ باس لەمێژووی دامەزران و ئایدیاو بۆچوونەکانی ئەم گرووپە چەکدارە بەلووچە بکەین لەئێران.

جەیش العدل – سوپای دادپەروەری

رێکخراوی « جەیش العدلی ئێران» رێکخراوێکی ئیسلامەگەرای چەکداری دژەبەری ئێران کە خۆی وەک «سوپای عەدالەت و یەکسانی» و سوننە دەناسێنێت. ئەم گروپە خۆی بەداکۆکیکاری مافی سوننەکان بەتایبەت لەپارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران دەناسێنێت. لەساڵەکانی یەکەمی دامەزرانیدا وەک دژبەری دەستتێوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسووریا دەناسراو وەک بەشێک لەسیاسەتەکانی ئەم حزبە ناوی لێ دەبرا.

ئەم گروپە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوەو زۆرجاران هێرشی چەکداری کردووەتە سەر هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران و بەرپرسیارییەتی چەند هێرشی چەکداری لەسنوورەکانی باشوری رۆژهەڵاتی ئێران گرتووەتە ئەستۆ. تیرۆری بەرپرسان و رفاندنی هێزەکانی سەرسنوور و چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، بەشێکی تر بووە لە چالاکییەکانی ئەم گرووپە.

رێکخراوی جیش العدل، دوای ئەوەی لەساڵی ٢٠١٠ عەبدولمالک ریگی، رێبەری گرووپی «جوندوڵڵا» لەسێدارەدراو ئەم گرووپە هەڵوەشایەوە، لەلایەن بەشێک لەئەندامانی جوندوڵڵاو ژمارەیەک لەلاوانی بەلووچەوە دامەزراو ساڵی ٢٠١٢ سەڵاحەدین فارۆقی وەک کەسی یەکەمی ئەم رێکخراوە دیاری کرا. جەیش العدل، سەڵاحەدین فاروقی وەک ئەمیر و رێبەری جەهادی بەلووچستان ناو دەبات.

 

تیرۆر یان بەرگری رەوا

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم رێکخراوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناودەبات کە سەر بەئەمریکایەو ئێران وەک «جەیش الڤلم – سوپای ستەم» ناوی دەبات. ئەمریکا هاوشانی یابان و نیوزلەندا ئەم گرووپە وەک گروپێکی تیرۆریستی ناو دەبات.

جەیش العدل و بەتایبەت باڵی سەربازی ئەم رێکخراوە رێکاری جیاوازی سەربازی دەگرنەبەر بۆ وەستانەوە دژی ئێران. ئەو رێکارانە رەنگە هەندێکیان لەلای کۆمەڵگای جیهانی پەسەندکراو نەبن، بەڵام لای بەشێک لەخەڵکی بەلووچستان کەخۆیان نزیک بەم رێکخراوە دەزانن پەسەندکراون. یەکێک لەو رێکارانەی ئەم گرووپە گرتوویەتە بەر، بەبارمتەگرتنی هێزە سەربازییە سنوورییەکانە لەسیستان و بەلووچستان.

هێزە سنوورییەکان زۆرجار تەقەی راستەوخۆ  لەکاسبکارانی بەلووچ دەکەن لەسەر سنوور. لەبەرئەوەی بەلووچستان هاوشێوەی کوردستان بێبەشە لەخزمەتگوزاری پیشەسازی، خەڵک بۆ بژێوی ژیانیان ناچارن کۆڵبەری بکەن و هێزە سنوورییەکان تەقەیان لێدەکەن. جەیش العدل زۆرجار وەک تۆڵەکردنەوە هێزە سنوورییەکان بەبارمتە دەگرێت یان هێرش دەکاتە سەر بنکەکانیان.

ئەوەی لای ئەم هێزە رەوایی بەم کارانە دەدات ئەوەیە وەک بەرگری رەوا ناوی دەبەن. جەیش العدل خۆی وەک لایەنگرو بەرگریکاری سوننەکانی بەلووچستان ناساندووە. پارێزگای بەلووچستان لەئێران کە هاوسنوورە لەگەڵ بەلووچستانی پاکستان، ناوچەیەکی سوننە نشینن و زۆربەی دانیشتوانی سەر بەسوننەن و شوێنکەوتەی ئیمامی حەنەفین. جەیش العدل خۆی وەک هێزێکی نەتەوەیی- ئیسلامی پێناسەدەکات. هەربۆیە هەر چەشنە دەستدرێژییەک و توندووتیژییەک لەلایەن ئێرانەوە دژ بەخەڵکی بەلووچستان، بەهێرش بۆسەر ئەو خەڵکە دەزانێت کە خۆی بەبەرگریکاریان ئەزانێ و بەمافی خۆیان دەزانن پەنا بۆهەر رێکارێک ببەن دژی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران لەناوچەکە.

 

جیابوونەوەی جەیش النصر – سوپای سەرکەوتن

هاوینی ٢٠١٤، عەبدولڕەئوف ریگی، برای عەبدولمالک ریگی، رێبەری جوندوڵڵا کە ساڵی ٢٠١٠ لەئێران لەسێدارەدرا، جیابوونەوەی خۆی لە جەیش العدل راگەیاندو حزبی جەیش النصری دامەزراندو چالاکییە سەربازییەکانی خۆی دژ بەئێران درێژە پێدا.

دەوترێت عەبدولڕەئووف ریگی، بەناڕەزایەتی بەکوشتنی بارمتەیەکی ئێرانی لەلایەن جەیش العدلەوە لەو گرووپە جیابۆتەوە. ماوەیەکی کورت دوای جیابوونەوە، لەکۆتاییەکانی سێپتەمبەری ٢٠١٤ عەبدولڕەئووف ریگی لەگەڵ خوشکەزاکەی بەناو ئەبووبەکر ریگی، لە پاکستان تیرۆر کرا. ئێران تیرۆرکردنی عەبدولڕەئووف ریگی و ئەبووبەکر ریگی دایەپاڵ جەیش العدل و رایگەیاند ئەم خاڵ و خوشکەزایە لە شاری (ئەلبەندین)ی پاکستان لەلایەن جەیش العدلەوە کوژراون. بەڵام رێبەران و ئەندامانی جەیش النصر ئەوەیان رەتکردەوە کە ریگی بەدەستی جەیش العدل کوژرابێت و کۆماری ئیسلامیان وەک تۆمەتباری ئەم کردەوە تیرۆریستییە ناوبردو رایانگەیاند رێبەری جەیش النصر لەلایەن ئێرانەوەو لەشاری کوەیتەی پاکستان تیرۆر کراوە. چەند مانگ دواتر مەحموود عەلەوی، وەزیری موخابەراتی ئێران ئاماژەی بەکوشتنی ئەم دوو کەسە داو وتی :» کرانە ئامانجی تیری غەیب».

جەیش العدل مانگی شوباتی ٢٠١٤ هێرشی کردەسەر بنکەیەکی سەربازی ئێران لەسنووری پاکستان و پێنج کەس لەهێزە سەربازییەکانی ئەو بنکەیەی بە بارمتە گرت. دواتر یەکێک لەبارمتەکان بەناوی ( جەمشید دانایی فەڕ) لەلایەن ئەم گرووپەوە لەسێدارەدراو چوار کەسی تریان کە سەربازبوون بەنێوانگیری کەسانی ناسراوی ناوچەکە ئازادکران. عەبدولڕەئووف ریگی لەکۆمەڵێک وتووێژدا کە ڤیدیۆکانیان ئێستاش لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت لەیوتیوب بەردەستە، دژی لەسێدارەدانی ئەم پلەدارە سەربازییە بووە، هەربۆیە بەدامەزراندنی جەیش النصر رێگای خۆی لە جەیش العدل جیاکردەوە.

ساڵی ٢٠١٦ جەیش العدل، لەڕاگەیاندنێکدا رایگەیاند کەهێزەکانی «جەیش النصر» جارێکی تر پەیوەست بووەنەتەوە بە «جەیش العدل» و جەیش النصر هەڵوەشاوەتەوە.

 

درێژەدەری رێبازی جنداللە

زۆربەی چالاکانی بەلووچ و تەنانەت خودی جەیش العدل، خۆیان بەدرێژەدەری رێبازی جنداللە دەزانن. گرووپی «جنداللە» بەر لەدەستگیرکردنی رێبەرەکەیان (عەبدولمالک ریگی) و ئیعدامکردنی لەلایەن ئێرانەوە، بۆ ماوەی چەند ساڵ هاوشیوەی جەیش العدل، چالاکی سەربازی دەکردو هێرشی دەکردە سەر بنکەو بارەگاکانی سەرسنوور و هەڵدەهاتنەوە بۆ پاکستان.

ئەم چالاکیانە بەردەوام بوو تا ئەوەی رۆژی ٢٣ی شوباتی ٢٠١٠، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند عەبدولمالک ریگی لەفڕۆکەیەکدا کە لەدوبەیەوە بەرەو قەرقیزستان دەڕۆشت، ناسراوەتەوەو دوای ئەوەی فڕۆکەکە هاتۆتە خاکی ئێران، ناچاریان کردووە بنیشێتەوەو دەستگیریان کردووە. دەستگیرکردنی رێبەری جنداللە و دواتر ئێعدامکردنی لەمانگی ٦ی ٢٠١٠ بوو بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەم رەوتە.

جوندوڵڵا خۆیان وەک رەوتێک دەناسی کە بەرگریان لەخەڵکی بەلووچستان دەکرد. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەوانی وەک گرووپێکی تیرۆریستی وەهابی و سەلەفی ناودەبرد کە لەلایەن ئەمریکاو بەریتانیاوە پشتیوانی دەکرێن. بەڵام ئەمریکاو بەریتانیا هەرچەشنە پشتیوانییەک لەم گرووپەیان رەتدەکردەوە.

جنداللە وەک گرووپێکی پشتیوانی سوننەکانی بەلووچستان لەساڵی ٢٠٠٣ دامەزراو چالاکی سەربازی خۆی دەستپێکرد. زۆرجار هێرشی دەکردە سەر بنکە سەربازی و کۆبوونەوە گشتییەکان. ساڵی ٢٠٠٩ و لەکاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماری، بۆمبێک لەیەکێک لەمزگەوتە شیعەکانی زاهیدان تەقییەوە، ٢٥ کەس کوژران و ١٢٠ کەس برینداربوون. جنداللە بەرپرسایەتی ئەم هێرشەی گرتەئەستۆ . نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم هێرشەی وەک هێرشێکی تیرۆریستی ناوبردو سەرکۆنەی کرد.

جەیش العدل خۆیان بەدرێژەدەری ئەم رەوتە دەزانن. لەماڵپەڕی فەرمی خۆیان بەناوی (شبکە عدل) بەئاشكرا خۆیان بەدرێژەدەری رێگای عەبدولمالک ریگی ناودەبەن. دروشمی سەرەکی ئەم رێکخراوە پشتیوانیکردنە لەعەداڵەت و بزووتنەوەکەیان وەک هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی عەداڵەت ناودەبەن. ئەوان باس لەوەدەکەن دەیانەوێ خۆیان مێژوو بنووسنەوە. مێژوو بەو شێوەیەی بوونی هەیە نەک بەو شێوەیەی زاڵمەکان دەیانەوێت.

 

جەیش العدل و جەنگی غەززە

جەیش العدل، لەماڵپەڕی فەرمی خۆیان بەئاشکرا پشتیوانی لەخەڵکی غەززە ئەکەن. بەڵام جەنگی غەززە بەئاگرێک دەزانن کەئێران کردوویەتیەوەو دژی حەماس هەڵوێستیان گرتووە. لەراگەیاندنێکی فەرمیدا نووسیویانە:» ئێمە بەدڵ لەگەڵ خەڵکی هەژارو بێ پەنای غەززەین. خەڵکی فەلەستین و ئوممەی ئیسلامی دەبێ هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بەوەی کە کۆماری ئیسلامی (رژێمی ویلایەتی فەقیە) بازرگانی سیاسی و ئایدیۆلۆژیایی بکات بەخوێنی خەڵکی هەژاری فەلەستینەوە».

لەو راگەیاندنەدا لەگەڵ ئەوەی دژی کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە هەڵوێستیان هەیە، بەڵام ئەم جەنگە بەئاگرێک دەزانن کەهەڵگیرسێنەرەکەی کۆماری ئیسلامیە و لەڕێگای حەماسەوە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێت ئەم جەنگە بەمەبەست هەڵگیرسێندراوە. جەیش العدل دژی دەستتێوەردانی کۆماری ئیسلامییە لەکاروباری خەڵکی فەلەستین و لوبنان و لایان وایە کۆماری ئیسلامی بەم شێوەیە ئاگری جەنگ لەخۆی دووردەخاتەوە.

ئەم رەوتە لای وایە ئێران دژی ئەوەیە کێشەی فەلەستین بەشێوەی ئاشتیخوازانە چارەسەربکرێت و بەم شێوەیە خەڵکی غەزەی کردووە بە قوربانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار