ڕۆڵی مۆساد لە دۆسیەی ئیپستاین

2 كاتژمێر لەمەوپێش



عوسمان عەسکەری

سەرەتا. دوورگەی ئیپستاین و ڕەهەندە نادیارەکان
بەشێک لە چاودێران، دوورگەی جێفری ئیپستاین وەک ئەفسانەیەک یان جۆرە سەکتێکی نائاسایی وێنا دەکەن، کە تێیدا نوخبەی سیاسی، سەرمایەدارەکان و هونەرمەندانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، ڕێوڕەسمی گوماناوی و بۆنەی سێکسییان تێدا ڕێکخستووە. 

لە مێژووی کۆندا، هەندێک جۆری ڕێوڕەسمی ئایینی، بەتایبەت لە شارستانییەتە هیندۆسی و بوداییەکان و فەلسەفەکانی ئاسیا و ئەفریقادا، سێکسیان وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە عیبادەت، یان ڕۆحییەتی باڵا بینیوە. بۆ نموونە، مەزهەبی تانترا سێکس و ئێرۆتیک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنگەری و یەکگرتنی جەستە و ڕۆح بەکاردەهێنێت. ئەم پراکتیزانە لە ناوچە شاخاوییەکانی نیپاڵ، چین و هیندستان و تەنانەت لە میسری کۆنیشدا بوونیان هەبووە و وەک کارێکی پیرۆز بینراون. لە ڕۆژئاوای ئەمڕۆشدا، چەندین ناوەند و دوورگەی هاوشێوەی ئەوەی ئیپستاین هەن کە یۆگای تانترا و ڕێوڕەسمی ئێرۆتیک وەک بەشێک لە فەرهەنگ و ئارامی دەروون و چێژی خۆیان پەیڕەو دەکەن.

فەزیحەی منداڵبازی  (Pedophilia)

پێدەچێت فەنتازیای ئیپستاین لەو کلتوورانەی سەرەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵام ئەوەی ئەم دۆسیەیەی لە ڕێوڕەسمێکی ئاسایی جیا کردەوە و کردی بە فەزیحەیەکی جیهانی، تێوەگلانی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بوو (Pedophilia) هەرچەندە لە ئەمریکا ئازادیی سێکسی بۆ تەمەنی یاسایی بوونی هەیە، بەڵام سێکس لەگەڵ منداڵ تاوانێکی گەورەیە. ناوبردنی ترەمپ وەک کەسێکی نزیک لە ئیپستاین مشتومڕێکی زۆری ناوەتەوە. بەتایبەت کاتێک ئاماژە بە قسەیەکی ساڵی ٢٠٠٦ی ترەمپ دەکرێت دەربارەی ئێڤانکای کچی کە وتبووی.. ئیڤانکا ئەوەندە جوانە، ئەگەر کچم نەبوایە ڕەنگە پەیوەندیم لەگەڵ هەبوایە. ئەم لێدوانەو چەندین هەڵس و کەوتی دیکەی ترامپ ئێستا وەک ئاماژەیەک بۆ سەرنجە نائاساییەکانی ئەو بەکاردەهێنرێتەوە.
کێشمەکێشە سیاسییەکان و ڕۆڵی مۆساد

ئەم سکانداڵە لە ساڵی ٢٠٠٨دا کاتێک ئیپستاین بە ١٨ مانگ زیندانی مەحکوم کرا، دەنگی دایەوە. دواتر دۆسیەکەان داخران بەڵام بزووتنەوەی (Me Too) چالاکانە کاریان کرد، بەڵگەی بەدەستهێناو دۆسیەکەی وروژاندەوە، تا لە ساڵی ٢٠١٦دا ترەمپ بەڵێنی دا پاکسازی لە دەستەبژێری واشنتۆن (Drain the Swamp) دا بکات، بەڵام دواتر بەهەر هۆکارێک بێت بەڵێنەکەی پشتگوێ خست. بۆیە ئێستا نزیکەی لە ٧٠٪ی ئەمریکییەکان داوای ئاشکراکردنی ناوەکانی ئەو دۆسیەیە دەکەن.

بۆچوونێکی بەهێز هەیە کە دەڵێت دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) ساڵانێکی زۆر چاودێری ئیپستاینی کردووە و بەڵگەی دژی نوخبەکان کۆکردووەتەوە تا وەک کارتێکی فشار بەکاریان بهێنێت. هەر بۆیە لۆبی جوولەکە لە سەرخستنی ترەمپدا ڕۆڵێکی باڵایان گێڕا، بەڵام دواتر ترەمپ لە چەند خاڵێکدا دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل وەستایەوە کە ئەمانەی خوارەوەن.

1.    گرێبەستی چەکی سعودیە.. ترەمپ گرێبەستێکی گەورەی بە بڕی ١٤٢ ملیار دۆلار لەگەڵ محەمەد بن سەلمان واژۆ کرد، کە فڕۆکەی F-35 و نوێترین تانک و چەکی ئەلیکترۆنی لەخۆ دەگرت. ئەمە لە کاتێکدایە ئەمریکا ئامادە نەبوو ئەو فڕۆکانە بە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ بفرۆشێت، ئیسرائیلیش ئەم پڕچەککردنەی سعودیە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێت.

2.    شەڕی غەززە.. فشارەکانی ترەمپ بۆ سەر نەتانیاهۆ بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕی غەززە، بووە هۆی شکستهێنانی پلانی ئیسرائیل بۆ ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە.

3.    داهاتووی سووریا.. ئیسرائیل خوازیاری ئەوە بوو سووریا ببێتە دەوڵەتێکی فیدراڵی (دابەشکراو)، بەڵام ترەمپ لەسەر داوای سعودیە و تورکیا پشتیوانی لە مانەوەی سووریایەکی یەکگرتوو کرد، کە ئسرائیل لای وایە سعودیە لە داهاتوودا پڕچەکی دەکات، ئەمەش نیگەرانییەکی تری ئیسرائیلە.

4.    هەڵوێست بەرامبەر ئێران.. ترەمپ سەرەڕای زمانە توندەکەی، لە ڕووی کردەییەوە دوودڵە لە هێرشی سەربازیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێران. دەگوترێت تەنانەت هێرشی فڕۆکەکانی ئەمەریکا لە ساڵی پار لەژێر فشاری توندی نەتانیاهۆدا بوون، نەک ئارەزووی خودی ترەمپ.

دەرەنجام.. فشارەکان و داهاتووی ترەمپ

دیموکراتەکان ترەمپ بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە بەرامبەر پۆتیندا نەرمە و مەترسی بۆ سەر ناتۆ دروست کردووە، بۆیە دەیانەوێت لە ڕێگەی دۆسیەی ئیپستاینەوە کۆتایی پێ بهێنن. ترەمپ ئێستا لە دۆخێکی قورسدایە. ئەو ئۆباما و هیلاری کڵینتۆن بە هەڵبەستنی ئەم تۆمەتانە تاوانبار دەکات بەڵام ناوێرێت هیچ لە بارەی موسادەوە بڵێت.

وا دەردەکەوێت تاکە ڕێگەی ترەمپ بۆ ڕازیکردنی لۆبی جوولەکە و داخستنی ئەم دۆسیانە، ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی بێت بۆ سەر ئێران، بەڵام بێمنەتیی ئێران و ئەگەری دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی، ترەمپی دوودڵ کردووە. ئەگەر ترسی ئەتۆم نەبوایە، ئەمریکا هەمان ئەو سیناریۆیەی لە ڤەنزوێلا دژی مادۆرۆ ئەنجامی دا، هەوڵی دەدا لە ئێرانیش دژی خامنەیی جێبەجێی بکات. سەرەتا بە فڕۆکە جەنگیەکانیان هێرشێکی تووندو چڕیان دەکردە سەر تاران، پاشان بە هەلیکۆپتەر پەلاماری شوێنە گرنگەکانیان دەدا بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتەکە. بەهۆی ئەم شڵەژانەوە، پێدەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەمریکا ئەگەر گورز لە ئێران نەوەشێنێ و ئێرانیش دەستبەرداری بەرهەمهێنانی موشەکە دوورهاوێژەکانی نەبێت، مانگی ترامپ تاریک بێت و جەی دی ڤانس شوێنەکەی بگرێتەوە.

سەرچاوەکان
https://www.npr.org/2017/04/26/525551816/trumps-efforts-to-drain-the-swamp-lagging-behind-his-campaign-rhetoric
https://internationalen.se/om-fallet-epstein-det-har-ar-ingen-bisarr-konspiration-det-ar-sadant-de-rika-och-maktiga-gor/

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار