ئەنجومەنی وەزیران: چاوەڕوانین حکومەتی عێراق لە ساڵی نوێ کێشەی مووچە چارەسەر بکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجامدا و رایگەیاند چاوەروانیی لە بەغدا هەیە مووچەی مووظەخۆرانی هەرێم لە ساڵی نوێندا بەشێویەکی "بنەڕەتی" چارەسەر بکات و تێکەڵی ململانێ سیاسییەکانی نەکات، دەشڵێت، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی کانونی یەکەمی 2023 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تێیدا باس لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و  و نەوت و گاز و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا. 

بەپێی راگەیاندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمدا باس لە هەوڵەکان کراوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و نەوت و گاز "تاکوو ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسەندکردنی بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان لەپێش هەموویانەوە، شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەبەرانبەریشدا هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە." 

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە ئەنجومەنی وەزیرانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم "تێکەڵی ناکۆکییە سیاسیی و پابەندییەکانی دیکە" نەکرێت و مووچەخۆرانی هەرێم وەک ناوچەکانی تری عێراق مووچە لەکاتی خۆیان وەربگرن.

ئەنجومەنی وەزیران چاوەڕوانی ئەوەی لە حکومەتی عێراق هەیە کە بەشێوەیەکی "بنەڕەتی" کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ساڵی نوێدا چارەسەر بکرێت.

"ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی 2024 ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات"، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وادەڵێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەشڵێت، بەرپرسیارییەتی حکومەتی عێراقە کە مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ دابین بکات چونکە "بەداخەوە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێم دروست کردووە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار