دەم پارتی داوا لە لەیلا زانا دەکات خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکشارەوانی ئامەد یان ئەستەنبوڵ

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) داوای لە لەیلا زانا کردووە خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکشارەوانی ئامەد و ئەستەنبوڵ بۆ ساڵی داهاتوو.

میدیای ناوخۆی باکوری کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە دەم پارتی پێشنیاری ئەوەی بۆ لەیلا زانا کردووە کە خۆی کاندید بکات بۆ هاوسەرۆکی شاری ئامەد یان سەرۆکشارەوانی ئەستەنبوڵ، بەڵام هێشتا لەیلا زانا وەڵامی داواکارییەکەی نەداوەتەوە. 

بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسانی دەم پارتی لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ لەیلا زانا کۆدەبنەوە تاکو بزانن بڕیاری چی دەدات لەسەر پێشنیارەکە. بڕیارە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە مانگی ئایاری 2024 بەڕێوەبچێت.

لەیلا زانا گەورە سیاسەتمەداری کورد لە باکوری کوردستان لە ئێستادا هیچ پۆستێکی نییە و بەوە ناسراوە کە لە پەرلەمانی تورکیا بەرگری لە نەتەوەی کورد کردووە هەربۆیە لە پەرلەمانتاری دووخراوەتەوە. 

لەساڵی 1991 لەللا زانا لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراسی گەلان SHP لە  ئامەد بووە پەرلەمانتار و لەکاتی سوێندخواردندا بە کوردی سڵاوی کرد بۆیە رووبەروی رەخنەی توند بوویەوە.

دواتر لە ساڵی 1994 بەهۆی وتارێکییەوە پارێزبەندی لێ سەندرایەوە و بەتۆمەتی ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە بە 15 ساڵ زیندانی سزادرا، بەڵام دواتر بەهۆی فشاری دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا دوای 10 ساڵ زیندانی ئازادکرا.

لە ساڵی 2015، لەیلا زانا لەکاتی سوێندخواردنی وەک پەرلەمانتاری ناوچەی ئاگری لە پەرلەمانی تورکیا بە کوردی وتی، "بژی ئاشتی" و بەپێچەوانەی پرۆتۆکۆلی سوێندخواردنی پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی خوارد بۆیە لە پەرلەمانتاری دوورخرایەوە. 

لەیلا زانا یەکەم ژنە پەرلەمانتاری کورد بوو لە پەرلەمانی تورکیا و دوای زیندانیکردنی لەساڵی 1994، خەڵاتی ساخارۆڤی بۆ ئاشتی پێبەخشرا بەڵام نەیتوانی خەڵاتەکەی وەربگرێت تا کاتی ئازادبوونی لەساڵی 2004.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار