ئەو کەسانەی وێنەی سەرکردەی رژێمی بەعسیان لە کەرکوک بەرزکردەوە سزادران

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەرکەوت چەند کەسێک وێنەی کەسایەتی پەیوەندیدار بە حزبی بەعسیان لە بەردەم بارەگای پارێزگای کەرکوک بەرزکردوەتەوە، سەرجەمیان دەستگیرکران و دۆسیەکانیان رەوانەی دادگا کرا و بە 10 ساڵ زیندانی کردن سزا دران.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بە پشتبەستن بە یاسای قەدەغەکردنی چالاکی حزبی بەعسی ژمارە ٣٢ـی ساڵی ٢٠١٦، کە دەستگیرکردنی لایەنگران و ئەنجامدەرانی ئەو چالاکییانە دەگرێتەوە، لە پارێزگای کەرکوک ١٠ کەس دەستگیر کران.
باس لەوەشکراوە، لەسەر ئەو دۆسییەیە دادگای تاوانەکانی کەرکووک سزای ١٠ ساڵ زیندانییکردنی بۆ ئەو ١٠ کەسە دەرکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاشکرابوو، کە ئەو تۆمەتبارانە تۆڕێکن و لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە کاری بڵاوکردنەوەی چالاکی حزبی بەعسی قەدەغکراو دەکەن.
دوای ئەوەی ئەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدرا و هاوڵاتییانی لایەنە جیاوازەکان بۆ ئاهەنگ گێڕان چوونە سەر شەقامەکان لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆوە ژمارەیەک لایەنگری سەدام حوسێن وێنەی بەرزدەکەنەوەو هۆتاف دەڵێن، ئەویش کاردانەوەی گەورەی بەدواداهات و هەرز و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دروستکرا و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانیەوە دەستگیرکران.

