دۆسیەی ئەمنیی كەركوك ڕادەستی پۆلیس دەكرێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەفدێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی رادەستكردنی دۆسییەی ئەمنیی پارێزگای كەركووك بە پۆلیسی فیدراڵی لە كەركووكن، بڕیارە لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوودا ئەو دۆسیە لە سوپاوە بدرێتە دەستی پۆلیس.
موقەدەم عامر نووری، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای كەركوك بەمیدیای پارتی وتووە: ماوەی سێ رۆژ دەبێت وەفدێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتوونەتە شاری كەركووك بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتێك لەبارەی رێكارەكانی گواستنەوەی دۆسییەی ئەمنیی لە سوپاوە بۆ پۆلیسی كەركووك وەكو ئەوەی لە كارنامەی حكومەتی عێراقدا هاتووە.
وتیشی: سێ لیژنە بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراون لیژنەی پڕچەككردن و پێداویستییەكانی چەك و تەقەمەنی لەوە دەكۆڵێتەوە چەند چەكمان هەیە و چیمان پێویستە، لیژنەی فریاكەوتن كە پێویستییەكانی پۆلیسی فریاكەوتن تاوتوێ دەكات، لەگەڵ لیژنەی تایبەت بە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، ئەو لیژنانە راپۆرتێك بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیران ئامادە دەكەن، دواتر رەزامەندی لەسەر دەدات بۆ گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنیی بۆ پۆلیس.
لەدوای تێكشكاندنی داعش، دۆسیەی ئەمنی شەش پارێزگای عێراق لە سوپاوە رادەستی پۆلیس كراوەتەوە. سەبارەت بە كاتی رادەستكردنەوەی دۆسیەی ئەمنیی كەركووك بە هێزەكانی پۆلیس، پۆلیسی پارێزگای كەركووك دەڵێت چاوەڕوان دەكەین لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوودا دۆسیەی ئەمنیی كەركووك بكەوێتە دەستی پۆلیس، چونكە 80٪ـی رێكارەكان تەواوبوون."
لە ساڵی 2003ـوە تاوەكو ساڵی 2017 دۆسیەی ئەمنیی كەركووك بەدەستی پۆلیسەوە بوو، بەڵام دوای هێرشەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 بۆ سەر شاری كەركووك، دۆسیەكە رادەستی سوپا كرایەوە.

