دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵایەكی یەكێتی كۆدەبێتەوە و وتەبێژی حزبەكەش دەڵێت هەر بڕیارێك بدات ڕێزی لێدەگرن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
دادگای باڵای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەبارەی سكاڵایەكی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كۆدەبێتەوە، وتەبێژی یەكێتیش دەڵێت دادگای فیدراڵی هەر بڕ‌‌یارێك بدات یەكێتی رێزی لێدەگرێت.
 بەگوێرەی خشتەی كۆبوونەوەكانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی چوارشەممە 27-12-2023 دادگەكە بۆ بڕیاردان لەبارەی سكاڵایەك، كە پێشتر دوو سكاڵا بوون و یەكخراون، لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە یەكـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو تۆماركراوە، كۆببێتەوە.
 سكاڵاكە دوایینجار لە رۆژی 3-12-2023 دواخرا، ژمارە 83ـی فیدراڵی /2023ـی هەیە و لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان كوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆكی فراكسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆماركراوە، تێیدا سكاڵاكاران داوای نادەستووریبوونی مادەكانی (1، 9، 12، 15 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانیان كردووە.
 سكاڵاكان پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، كورسیی كۆتاكان، تۆماری دەنگدەران و بازنەكانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
 ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردن كە سكاڵاكەیان لەسەر تۆماركراوە:
 مادەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی كوردستانی عێراق بە یەك بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی كوردستان تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن، بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەكان.
مادەی 22: هەر كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان مافی هەیە لیستێكی تایبەت بە بەربژێرەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكێش بكات، كە رێژەیەك ئافرەتی تێدابێت رێژەیان 30٪ كەمتر نەبێت.
مادەی 36:
یەكەم: پێنج كورسی بۆ كلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەكرێت؛ كاندیدەكانی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێیان لەسەر دەكەن.
دووەم: پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێن؛ كاندیدانی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێیان لەسەر دەكەن.
سێیەم: یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت؛ كاندیدانی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێی لەسەر دەكەن. 
لەوبارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاندووە: یەكێتیی ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیی لەدوای هەر هەڵبژاردنێكیش ئامادەبووە بۆ هەڵبژاردنێكی دیكە.
وتیشی: لەلایەن سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، سكاڵایەكمان پێشكەش بە دادگای فیدراڵی كردوەو یەكێتی داوایكردووە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردن لەهەرێم بە نادەستووری دابنرێت.
سەعدی پیرە دەشڵێت: پێمانوایە ئەو بڕ‌‌یارە بدات قازانجە، چونكە هەر بڕ‌‌یارێكی تر نادادپەروەرییەو راستییەكەی ئەوەیە كە یەكێتی داوای دەكات، هاوكات دادگای فیدراڵی هەر بڕ‌‌یارێك بدات یەكێتی رێزی لێدەگرێت، پێویستە لەهەرێمی كوردستان كۆتایی بەوە بهێنرێت، كە كەسێك یان لایەنێك بەناوێك خۆی كاندید دەكات و بۆ ناوێكی تر ئیش دەكات.
 رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستووری دانا و رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەكە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانەوە دراون (واتە دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، كە بەپێی بڕیارەكە، پارتی دەیوت كۆمیسیۆن كاراكراوەتەوە، یەكێتیش رەتیكردەوە و ناكۆكی لەنێوان هەردوولادا دروستكرد.
 لە كۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی كوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ 31-12-2023 درێژكرایەوە، لە كاتێكدا 6-11-2022 تەمەنی خولەكە كۆتایی دەهات.
 رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە دیاریكردنی 25ـی شوباتی 2024 وەكو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار