هاوڵاتی زانیاری ورد لەبارەی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی ئاشكرادەكات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگای فیدراڵی تاوتوێكردنی سكاڵایەكی تایبەت بەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخست و داوای لەكۆمسیۆن كرد ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەو چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكانی هەرێم بۆ دادگا دیاری بكات.
دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ 27-12-2023 بۆ بڕیاردان لەسەر سكاڵایەك كۆبوویەوە كە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە، بەڵام لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردانی بۆ 21-1-2024 دواخست.
بەپێی زانیارییەكان لەدانیشتنەكەی دادگای فیدراڵیدا پارێزگای هەڵەبجە وەك بازنەی چوارەم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكراوەو دادگاش داوای لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كردوە تا 21ی مانگی داهاتوو بەنوسراوێك ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجەو چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا دیاری بكات.
لەو دانیشتنەی دادگای فیدراڵیدا نوێنەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق داوای كردوە بۆ وەڵامدانەوەی داواكارییەكەی دادگای فیدراڵی كاتیان پێبدرێت.
سەرچاوەیەكیش لەكۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە هاوڵاتی وت: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەبارەی دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان زیاتر لە 20 رۆژە بەنوسراوی فەرمی وەڵامی دادگای فیدراڵی داوەتەوە.
"بۆ پارێزگای هەڵەبجەش كە یەكێك دەبێت لە چوار بازنەكەی هەڵبژاردن لەهەرێم و داواكاری دادگای فیدراڵی بۆ ژمارەی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە، كۆمسیۆن لەنزیكترین كاتدا داتای تۆماری دەنگدەرانی هەڵەبجە رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكات" سەرچاوەكەی كۆمسیۆن وای وت.
هەر ئەمڕۆ لەدانیشتنەكەدا نوێنەری پێكهاتەكانی توركمان و ئاشور ئامادەبوون و دادگاش رەتیكردوەتەوە وەك لایەنی سێیەم گوێیان لێ بگیرێت.

