نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران لەلایەن تورکیاوە دەستگیرکرا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران لەلایەن تورکیاوە لە پارێزگای ئەرزڕوم دەستگیرکرا و دواتر بە مەرجی ئەوە ئازادکرا کە ھەموو ڕۆژێک ئاڵای تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا بڵاوبکاتەوە.

روشەن فورات نەوەی شێخ سەعیدی پیران دوێنێ  سێشەممە 26ـی کانونی یەکەمی 2023، لە شارۆچکەی خنس سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆم، لەسەر چەند پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە ساڵانی 2015 و 2016دا، دەستبەسەرکرا.

روشەن فورات ساڵی 2016 لە سۆشیال میدیا وێنەی ئاڵای کوردستان و کۆنگرەی هەدەپەی بڵاوکردبووەوە، کە وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش دەرکەوتبوو،

نەوەکەی شێخ سەعیدی پیران بە پاساوی "بانگەشەکردن بۆ پەکەکە" بردرایە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خنس و دوای وەرگرتنی گوتەکانی رەوانەی دادگا کرا، و دوای ئەوەی لێدوانی لێ وەرگیرا، بە دوو مەرج ئازادکرا. مەرجەکانیش ئەوەیە کە ھەفتەی سێ ڕۆژ ئیمزا بۆ پۆلیسی تورکیا بکات و ھەموو ڕۆژێکیش ئاڵای تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا بڵاوبکاتەوە.

دادگا لە بڕیارەکەیدا نووسیویەتی، "پێویستە تۆمەتبار هەموو رۆژێک لە کاتی پێداچوونەوەی دادوەریدا ئاڵای تورکیا لە هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاوبکاتەوە. ئەگەر هاوبەشی نەبێت، جارێکی دیکە بڕیاری دەستگیرکردنی لەبەرچاو دەگیرێت بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکانی کۆنترۆڵی دادوەری".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار