پەروەردە بەپێدانی دوو بەڵێن دەیەوێت كۆتایی بەبایكۆتی مامۆستایان بهێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی پەروەردە بەپێدانی بەڵێنی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست و دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوە دەیەوێت كۆتایی بەبایكۆتی مامۆستایان بهێنێت، نوێنەرێكی مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزارەتی پەروەردە نوسراوێك لەوبارەیەوە دەربكات.
كاروخ عەبدوڵڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە كوردسات نیوزی راگەیاند"لەوەزارەتی پەروەردەوە پێمان راگەیەنراوە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو نوسراوێكی وەزارەت دەردەچێت تایبەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایانی هەمیشەیی.
"نوسراوەكە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی پەروەردەیە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی مامۆستایانی وانەبێژو دەستپێكردنەوەی خوێندن لەوناوچانەی بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانەوە خوێندن تیایاندا راگیراوە". نوێنەرەكەی مامۆستایانی وانەبێژ وای وت.
ماوەی دوو رۆژە تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەمی خوێندكاران و قوتابیان لەبەشێك لەناوچەكانی هەرێم دەستپێكردوە، بەڵام لەمانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوەوە، مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەهۆی دواكەوتنی مووچەو راگرتنی پلەبەرزكردنەوە بایكۆتی خوێندنیان كردوەو بەوهۆیەشەوە پرۆسەی خوێندن لە بەشێكی زۆری قوتابخانەكانی ئەو ناوچانە ڕاگیراوەو مامۆستایان بایكۆتی پرۆسەی خوێندنیان كردوە.

