مامۆستایانی ناڕازی پشدەر: پێویستە كۆبونەوە لەبینای پەروەردە بێت نەك بارەگای حزب و ڕێكخراوەكان

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر داوا لەبەڕێوەبەری قوتابخانەكانی سنورەكەیان دەكات بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە نەكەن كە سبەینێ لایەنێكی سیاسی پێیان دەكات، دەشڵێن لەئێستادا لە قۆناغێكی زۆر هەستیار داین و زۆر نزیكین لە بەدەستهێنانی دەسكەوتەكانمان و جگە لە مامۆستایان هیچ كەسێك ناتوانێت بڕیار لە كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بدات.
دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر لەبارەی كۆبوونەوەیەكی سبەینێ كە وەك خۆیان دەڵێن لایەنێكی سیاسی بە بەڕێوەبەرەكانی سنورەكەیان دەكات و ئاگادار كراونەتەوە راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو ئەوەیان خستوەتەڕوو" "دوای كۆتایی هاتنی وەرزی یەكەمی خوێندن بەتەواوەتی و بەردەوام بوونی خەباتی مەدەنی مامۆستایان، لەئێستادا لە قۆناغێكی زۆر هەستیار داین و زۆر نزیكین لە بەدەستهێنانی دەسكەوتەكانمان، خۆشتان دەزانن دەسەڵاتی تاڵانكار لەم قۆناغەدا هەموو ڕێگاو شێوازێك دەگرێتەبەر بۆ لەباربردنی خەباتی مەدەنی و شكاندنی بایكۆت بێ دەستكەوت"
"لەئێستاشدا دەزانین و ئاگادارین كە بۆ سبەی داوا لەسەرجەم بەڕێوەبەرە بەهەڵوێستەكان كراوە كە ئامادەیی كۆبوونەوەیەك بن كە بە تەوجیهی حزبێكی دەسەڵات بڕیارە ئەنجام بدرێت و تیایدا داوا لە بەڕێوەبەرەكان بكرێت بەكۆمەڵێك بەڵێنی هەڵخەڵەتێنەرو بێ بنەما بایكۆت بشكێنن و دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بكەنەوە، بۆیە ئێمە وەك دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر داواكارین لە سەرجەم بەڕێوەبەرە بەهەڵوێست و خۆڕاگرەكانی دەڤەرەكەمان، بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیە بكەن و نەچن، چونكە ئێمە كادری پەروەردەین پێویستە هەر كۆبونەوەیەك هەبێت پێویستە لە بینای پەروەردەبێت نەك لە بارەگای حزب و ڕێكخراوەكان".
دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر دەشڵێن"دواكارین لەو بەڕێوەبەرانەی كەوا بایكۆتی كۆبوونەوەكەی بەیانی ناكەن و دەچن با لەوێ بەناوی مامۆستاكانیانەوە قسە نەكەن و بڕیار نەدەن، تەنها وەك خۆیان قسە بكەن، تكادەكەین مەبنە شەریك لەو ئۆباڵە مێژووییە كە بەرپرسانی دەسەڵات كەوتۆتە سەر شانیان چونكە دەبێ ئۆباڵی ئەو شكستە هەڵبگرن ئەگەر بچنە ژێر هەر بڕیارێك كە لەوێ دەدرێت".
لەكۆتایی راگەیەنراوەكەشیاندا هاتووە"ڕایدەگەیەنین بەردەوامین لە بایكۆت و خەباتی مەدەنی تا جێبەجێكردنی سەرجەم داواكاریەكانمان و پێتان دەڵێین بایكۆت زۆر لەوە مەركەزیترە كە لەسنورێكی بچوك بشكێندرێت، هەروەها بەدەسەڵات و سەرجەم داردەستەكانی دەڵێن خاوەنی ڕاستەقینەی بایكۆت و خەباتی مەدەنی مامۆستایانن، جگە لە مامۆستایان هیچ كەسێك ناتوانێت بڕیار لە كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بدات و تاكە ڕێگە و دەرچەش بۆ شكاندنی بایكۆت لەلایەن مامۆستایانەوە جێبەجێكردنی داواكاریەكانمانە".
