تەرمی ئەو گەنجە کوردەی لە لوبنان کوژرابوو گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

مانگی رابردوو تەرمی گەنجێکی شاری دهۆک لە لوبنان دۆزرایەوە کە دوای کوشتنی تەرمەکەیان سووتاندبوو، ئەمڕۆ تەرمەکەی گەڕێنرایەوە هەرێمی کوردستان و کەسوکاریشی دەڵێن، یەکێک لە بکوژەکان ئامۆزایەتی.

ئێوارەى ئەمڕۆ، تەرمی ئازاد ئەحمەد حەسەن، کە دانیشتووی شاری دهۆکە، مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو لە لوبنان کوژرا، لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە تەرمەکەی گەرێندرایەوە هەرێمى کوردستان، و ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا.

لەسەر کوژرانى بڕاکەى، ئەرشەد ئەحمەد حەسەن، برای ئازاد ئەحمد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتى: براکەم ڕۆژی چواری مانگی ١٢ ساڵی ٢٠٢٣ لە لوبنان لەلایەن حەوت کەسەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە، کە بە فیشەک لە پشتە سەری دراوە، دوای مردنیشی جەستەکەشی سووتێنراوە و خراوەتە ژێر خاک.

 براى کوژراوەکە لە کۆنگرەکەدا زانیارى لەسەر تۆمەتبارەکان ئاشکرا کرد و وتی: مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو کێشەیەک لە نێو بنەماڵەکەماندا ڕوویدا، بۆیە بەڵگەمان هەیە یەکێک لە بکوژەکان ئامۆزای خۆمانە، لەگەڵ چوار هاووڵاتی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەروەها دوو کەس بە ڕەگەز تورک دەستیان هەبووە لەم ڕووداوەدا، بەم هۆیەوە لە دادگای لوبنان سکاڵامان لەسەر تاوانباران تۆمار کردووە.

ئەرشەد ئەحمەد لەباری کێشەکەیان لەگەڵ ئامۆزاکانی گوتی؛ "ئێمە کێشەیەکی خێزانیمان لەگەڵ ماڵی مامم هەبووە، برایەکی ئەوان لە کێشەیەکدا کوژرابوو، مانگی شەشی ساڵی پار لە گەڕەکی نزارکێ دەمەقاڵە لەنێوان کوڕی مامەکانم و براکانم دروستبوو و تەقەیان لەیەک کردبوو، لەو شەڕەدا کوڕی مامێکم دەکوژرێت، دواتر بەپێی راپۆرتی دادپزیشکی دهۆک و لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە بابەتەکە قەزا و قەدەر بووە".

"چەند كەسێك ئازاد ئەحمەدیان بەفێڵ بردوەتە گوندێكی لوبنان، یەكەمجار ئەشكەنجەیان داوەو دواتر كوشتویانەو پاشانیش تەرمەكەیان سوتاندوەو دواتر تەرمەكەی لەدارستانێكی لوبنان دۆزراوەتەوە".سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەر روداوەكە تایبەت بە هاوڵاتی وت

بەپێی زانیارییەكان ئەو گەنجە پاش ڕووداوەكەی دهۆك لەسلێمانی و لوبنان ژیاوەو كاری بازرگانی كردووە، سێ برای ئازاد ئەحمەد لەچاكسازی زركای دهۆكن، دوو برای تریشی لەئەوروپا دەژین. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار