ئێران بە تۆمەتی "هاوكاریكردنی ئیسرائیل" چوار گەنجى کورد لەسێدارە دەدات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، چوار زیندانی سیاسی کورد لە ئێران کە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، ژیانیان لەمەترسیدایە و ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان بەمزوانە لەئارادایە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موحسین مەزڵووم تەمەن ٢٧ساڵ و خەڵکی مەهاباد، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی دێولان، وەفا ئازەربار تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵکی بۆکان و پژمان فاتیحی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی کامێران، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەو سزایە لە بێدەنگی چڕوپڕی میدیاکان لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر قاسم مەزینانی پشتڕاست کراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە، بنەماڵەکانیان لە کاتی دەستبەسەربوونیانەوە هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان نییە و تا ئێستا هیچ چاوپێکەوتن و پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەگەڵ منداڵەکانیاندا نەبووە. هەروەها پارێزەرەکەیان هەتا ئێستا نەیتوانیوە دۆسیەکەیان بخوێنێتەوە.
ئەو چوار بەندكراوە سیاسییە كوردە ئەندامی حیزبی كۆمەڵەن و هەنگاو لەبارەی تۆمەتەكەیان و لە زارى میدیاکانى حکومەتى ئیرانەوە نوسیویەتی، لە تەمموزى ساڵى 2021 "لە كاتێكدا ئەو چوار گەنجە کوردە چەكداربون، ویستویانە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئەسفەهان بتەقێننەوە"، دەستبەسەركراون لەکاتێکدا هەر ئەوکات کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رەتیکردەوە و ئەو تۆمەتانەى وەک هەوڵێک بۆ بەلاڕێدابردنى خۆپیشاندانەکانى ئەوکاتى ئێران وەسف کرد.
هاوكات حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستانی ئێران لەڕێگەی راگەیەنراوێكی فەریمییەوە تۆمەتی سەر ئەو گەنجە کوردانەی رەتکردەوە و هەروەها هەواڵی دەستگیرکردنیان لە نزیک ئیسفەهان بە ناڕاست ئەزانێت و رەتی ئەکاتەوە نزیک ئیسفەهان دەستگیرکرابێتن. کۆمەڵە سوورە لەسەر ئەوەی ئەم ٤ ئەندامەی ئەم حیزبە وەک جەولەی سیاسی سەردانی نزیک ورمێیان کردووەو لە مانگی ٦ی ٢٠٢٢ نزیک ورمێ دەستگیرکراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، "بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە بەشێوەیەکی بەردەوام لە ژێر گوشاری ناوەندە حکومەتییەکاندان، بەشێوەیەک کە ئەفسانە یوسفی، دایکی پژمان فاتیحی چەند جارێک لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە بانگکراوە و وێڕای ئازاری جەستەیی و دەرونی هەڕەشەی بانگکران و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لێکراوە".
لەم پەیوەندەدا کەمپەینی پشتیوانی لەم ٤ زیندانە سیاسییە، رۆژی شەممە ٦-١-٢٠٢٤ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیاندنێکیان بڵاو کردەوە نیگەرانی خۆیان لەوە دەربڕیوە لەوەی کە سزای ناڕەوای ئیعدام بەسەر ئەم ٤ گەنجەدا دابڕدراوەو نیگەرانی ئەوەن ئەم سزایە جێبەجێ بکرێت.
جێگەیباسە پێستریش رۆژی ٢٨-١٢-٢٠٢٣ چوار کەس بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری و رەحمان پڕحازوو و نەسیم نەمازی لە زیندانی ورمێ بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لە سێدارە دران.
لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی دوای ئەوە هات رۆژی ٢٥-١٢- ٢٠٢٣ رەزی مووسەوی ، فەرماندەیەکی باڵای سپای پاسداران لە سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراو کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی کردووە و ئیعدامی ئەم ٤ کەسە لە زیندانی ورمێ و داسەپاندنی سزای ئیعدام بەسەر ئەم ٤ زیندانییە سیاسییەدا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، زیاتر ئەو مەترسییە ئەخاتە ڕوو کە ئەم ٤ کەسە لە سێدارە بدرێن.
