وەزارەتی پەروەردە وادەی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی راگەیاند

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە دوای هەمواری یاسای بودجە، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە.
بە گوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، کە ئاڕاستەی بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کردوە، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی درا کە لە دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم چەند داواکارییەکانی مامۆستایانی ناڕازی جێبەجێ بکەن.
وەزارەتى پەروەردە لە نوسراوەکەدا دەڵێت: بە ئاماژە بە یاداشتى مامۆستایان کە ئاڕاستەمان کراوە دواى ئەوەى لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران گفتوگۆیان لەبارەوە کردوە رەزامەندیان داوە بە:
1/ پلەبەرزکردنەوە لە چوارچێوەى یاسا بەرکارەکان دەست پێبکات
2/ بە گرێبەستکردنى مامۆستایانى وانەبێژى دانەمەزراو بەپێى رێنماییەکانى وەزارەتى دارایی و ئابورى
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە ئەم بڕیارانە لەگەڵ هەموارکردنەوەى یاساى بودجە و ناردنى شایستە داراییەکانى هەرێمدا دەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی (ئەیلول/9)ی ساڵی رابردوەوە مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازی دژی دواکەوتنی موچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوە و دانەمەزراندنیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندیان کردوە و لە خوێندنگەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان تا ئێستا پرۆسەی خوێندن دەستی پێنەکردوە.
