مامۆستایان بۆ وەزارەتى پەروەردە: بایکۆت ناشکێنین
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای بڕیارەکەی وەزیری پەروەردە ، مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریان دا بەردەوامبن لە بایکۆت و سبەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکاتەوە.
ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازیی لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا راى مامۆستایان و وانەبێژانیان گەیاندە وەزارەتى پەروەردە و رایانگەیاند؛ مەرجدارکردنى جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان و بەستنەوەى بە بودجەوە باوەڕپێکراو نییە، چونکە داهاتى هەرێم زۆر لە داواکارییەکانى مامۆستایان زیاترە.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد؛ ساڵانى رابردو بەڵێنى زۆریان پێدراوە، بەڵام تەنها مەبەست لێی شکاندنى بایکۆتەکانیان بوە و تەواوى داواکانیان پەراوێزخراوە و حکومەت لە رابردودا بەرپرسیار نەبوە بەرامبەر بە بەڵێنەکانى.
ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا لە ئەگەری هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغداوە، پلەبەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان دەستپێبکاتەوە، هەروەها مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بە شێوەی گرێبەست دابمەزرێن.
لەبارەى شکاندنى بایکۆتەوە، ئەوەیان ئاشکرا کرد کە سبەینێ دوشەممە، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان خۆپیشاندانى بەرفراوان ئەنجام دەدەن و تا ئەوکاتەى داواکانیان جێبەجێ نەکرێت، بایکۆت ناشکێنن.
لە مانگی (ئەیلول/9)ی ساڵی رابردوەوە مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازی دژی دواکەوتنی موچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوە و دانەمەزراندنیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندیان کردوە و لە خوێندنگەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان تا ئێستا پرۆسەی خوێندن دەستی پێنەکردوە.
