وەزیری بەرگری ئیسرائیل: ئێمە لە دژی بەرەیەک لە جەنگداین نەک دوژمنێک

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری بەرگری ئیسرائیل "یوئاف گالاند"، بە تووندی بەرگری لە تەکتیکەکانی ووڵاتەکەی لە جەنگی غەزە کرد و ئەوەی دووپات کردەوە کە ئیسرائیل لە دژی بەرەیەکی فراوان لە جەنگدایە نەک تەنها لە دژی دوژمنێکی دیاریکراو.
ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵی" ئەمریکی وتی : لە 1945 ەوە ، رۆژی 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 خوێناویترین رۆژ بووە بۆ گەلی جوولەکە .
گالاند ئەوەشی ووت : کە فراوانی و تووندی هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سیاسەت و دارشتنەوەی باری ئەمنی ئیسرائیل داناوە و وای لێکردین کە بە جۆرێکی تر لە چواردەورمان بڕوانین.
"هەر لەبەر ئەمەش بە تووندی هێرشمان کردە سەر بزووتنەوەی حەماس و مەبەستمان لەم هێرشە تەنها لەناوبردنی بزووتنەوەکە نییە ، بەڵکوو ئامادە سازییەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو جۆرە هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە بە تایبەتیس حزبوڵای لوبنانی."
هەروەها ناوبراو ئەوەشی ووت: بەبۆچوونی ئیمە لە دژی بەرەیەکی فراواندا دەجەنگین ، نەک تەنها دوژمنێکی دیاریکراو و ئێران خەریکی بنیاتنانی هیزە چەکدارییەکانی سەر بە خۆیەتی تا لە دژی ئیسرائیل بە کاریان بهینێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەوەی دووپتکردەوە کە قۆناغی دووەمی جەنگەکە درێژخایەن دەبێت و ئیسرائیل واز لە ئامانجە سەرەکییەکەی ناهێنێت کە بریتییە لە ، لە ناوبردنی بزووتنەوەی حەماس و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئەو بزووتنەوەیە لە کەرتی غەزە و ئازادکردنی بارمتەکان.
