پارێزگای هەولێر: ئەوانەی دژی هەرزانكردنی نان گردبونەوە مەبەستیان شێواندنی بارودۆخەكەیە 

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

پارێزگای هەولێر رایگەیاند ئەمڕۆ هەندێك كەس بەناوی خاوەن سەمونخانەو نانەواخانە گردبونەوەو ناڕەزایەتیان ئەنجامدا لەبەرامبەر بڕیاری هەرزانكردنی نرخی نان و سەمون كە جگە لە مەرام و مەبەست بۆ شێواندنی بارودۆخەكە هیچی تر نەبوو.
پارێزگای هەولێر لەبارەی بڕیاری دابەزاندنی نرخی نان لە سەمونخانەو نانەواخانەكان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە "دوابەدوای فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەپێناو یەكخستنی نرخی نان لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، كە 10 نان و سەمون بكرێت بە  هەزار دینار لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕیارەكەو پابەندكردنی سەرجەم سەمونخان و نانەواخانەكان، لەقائیمقامیەتی ناوەندی هەولێر بەئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان و نوێنەرایەتی نزیكە 1800 نانەواخانە و سەموونخانەی شاری هەولێر كۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا".
"لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا وەك پاڵپشتی و هاوكارییەك بۆ نانەواخانە و سەموونخانەكان، لەمەودوا نرخی هەر لیترێك غاز 50% داشكاندنی بۆ بكرێت و ڕۆژانە بە بڕی 300 دینار بۆ هەر لیترێك غازیان بۆ دابین بكرێت، كە خۆیان پێشتر بە 600 دینار بۆ هەرلیترێك غازیان كڕیووە، جگە لەدابینكردنی ئارد بۆیان بە نرخی 30 هەزار دینار بۆ هەر فەردەیەك" پارێزگای هەولێر وا دەڵێت.
پارێزگای هەولێر راشیگەیاند "ئەوەی ئەمڕۆش ڕویدا كە هەندێك كەس بەناوی خاوەن سەمونخانە و نانەواخانە گردبوونەوەو ناڕەزایەتیان ئەنجامدا لە بەرامبەر بریارەكە، جگە لە مەرام و مەبەست بۆ شێواندنی بارودۆخەكە هیچی تر نەبوو، بەڵگەش بۆ ئەوە هەندێك لەوانەی لە نێو گردبوونەوەكەدا بوون بە دوور و نزیك پەیوەندیان بە سەمونخانەو نانەواخانەكان نەبوە".

رونیشیكردوەتەوە"هەر ئەمڕۆ تەواوی ئەم بڕیارانە چونە بواری جێبەجێكردنەوەو هەمولایەكیش ڕەزامەندی و پابەندبونی خۆیان بەبڕیارەكە ڕاگەیاندوە، لە هەولێر نرخی هەر 10 نان و سەمونێك بە هەزار دینار بێت، هەر سەمونخانەو نانەواخانەیەكیش پابەندی بڕیارەكە نەبێت روبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەبێتەوە".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار