مامۆستایانی ناڕازی: بەگیرفانی خاڵییەوە ناگەڕێينەوە هۆڵەكانی خوێندن 

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایانگەیاند دەسەڵات لەڕێگای بارەگایی حیزبی و بەكارهێنانی دامەزراوە پەروەردەییەكانەوە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتەگەڕو دەیەوێت ئیرادەی مامۆستایان بشكێنێت و مامۆستایان بەگیرفانی خاڵیەوە بەرنەوە نێو هۆڵەكانی خوێندن، بەڵام مامۆستایان و فەرمانبەران بەئیرادەیەكی بەهێزترەوە ڕوبەڕووی فشارەكان دەبنەوە.

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رونكردنەوەیەكیان بڵاوكردەوەو دەڵێن" لەدوای خۆپیشاندانە فراوانەكەی ئەمڕۆی شارو شارۆچكەكان و هەڵوێستی پێكەوەیی مامۆستایان و فەرمانبەران، لێرە و لەوێ دەسەڵات لەڕێگای بارەگایی حیزبی و بەكارهێنانی دامەزراوە پەروەردەییەكانەوە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتەگەڕو دەیەوێت ئیرادەی مامۆستایان بشكێنێت و بەبێ هیچ دەستكەوتێك بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن، لە بەرامبەریشدا مامۆستایان و فەرمانبەران بە ئیرادەیەكی بەهێزتر لە ڕابردوو بەڵێنی خۆڕاگری و ڕووبەڕوو بونەوەی فشارەكان دەدەن و هیچ كات ناچینە ژێر فشارەكانتان".
"دەتانەوێت لە پاڵ ڕشتنی فرمێسكی تیمساحی بۆ خوێندن و منداڵی فەقیردا درێژە بەتاڵانكاریەكانتان بدەن و مامۆستایان بە گیرفانی خاڵی و دڵێكی شكاوەوە بەرنەوە نێو هۆڵەكانی خوێندن" ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وا دەڵێن.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو "هەر بۆیە دەمانەوێت لێرەوە ڕوو بكەینە ئەو بەڕێوبەرو بەرپرسە پەروەردەییە بەهەڵوێستانەی نەبونەتە بەشێك لە فشارەكان و پێیان بڵیین: ئێوە لەگەڵ خۆتان و پەیامی پەروەردەیتاندا ڕاستگۆن و داهاتوو ئەمەتان وەك شانازی بۆ تۆماردەكات، لە هەمان كاتدا بەو بەڕێوبەرو بەرپرسە پەروەردەییانەش كە بوونەتە بەشێك لە فشارەكانی دەسەڵاتی ستەمكارو بەزمانی هەڕەشەو سزا لەگەڵ مامۆستایاندا دەدوێن دەڵێین ئەوەی ئێوە دەیكەن درێژەدانە بەو ستەمكاریەی كە بوەتە هۆی بڕینی قوتی مناڵەكانمان و پشتیوانی ئەو بەرپرسانەیە كە هیچ باكیان بەژیانی هاوڵاتیان و كەرتە خزمەتگوزاریەكان نیەو تەنها چاویان لە بەردەوامی ئەو تاڵانكاریەیە كە بە شێوازێكی سیستماتیك ئەنجامی دەدەن".
لەبەشێكی تری رونكردنەوەكەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە "مێژوو هەر جۆرە هەوڵێكی ناپەروەردەییانەو زمانی هەڕەشەی حیزبیانەتان وەك خاڵێكی ڕەش بۆ دەنوسێتەوە، چونكە ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران دەكرێت ستەمێكی بێ وێنەو برسیكردنێكی ڕوونەو فشاركردنیش پشتیوانی ستەم و برسیكردنە".
"لێرەوە دەمانەوێ ڕوو بكەینە مامۆستایانی خاوەن هەڵوێست و بڵێین بەئیرادەیەكی بەهێزەوە ڕووبەڕووی ئەو نامەو بڵاوكراوەو زمانی هەڕەشانە ببنەوە كە ئاراستەتان دەكرێن، چونكە ئەوەی بڕیارە سزابدرێت حكومەتێكی نابەرپرس و بەرپرسانێكی مشەخۆری گەندەڵن نەك مامۆستایەكی گیرفانخاڵی ستەم لێكراو، بەپێی یاساش بەرپرسی یەكەمی هەموو گرفتەكان حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە پابەندی ئەو گرێبەستە مەدەنیە نەبوە كە لە نێوان خۆیی و مامۆستاو فەرمانەردا هەیە، لە كاتێكدا مامۆستایان بە ئەركی خۆیان هەستاون" ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەوەشیان وتوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار