هەرێمی کوردستان بەردەوامە لەسەر پاککردنەوەی کێڵگە مینرێژکراوەکان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تیمە  مەیدانییەکانی هەڵگرتنەوەو پووچەڵکردنەوەی مین لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی تازەدا بەردەوامن لەسەر کارەکانیان و توانیویانە رووبەرێکی بەرفراوانی مینرێژکراو و ژینگەی پیسبوو بە پاشماوە جەنگییەکان پاک بکەنەوە.

عەلی موحەمەد ئەمین، بەرێوەبەری تەکنیکی لە دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان لە میانەی لێدوانیکیدا بۆ رۆژنامەی "سەباحی" عیراقی وتی : تیمەکانی سەر بە دامەزراوەکە بەردەوامن لە پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی کە مینرێژکراون یا بە پاشماوە جەنگییەکان پیس بوون.

هەروەها ناوبراو ئەوەشی ووت کە لە ساڵی رابردوودا بەرەوپێچوونێکی بەرچاویان هەبووە و تیمەکانی سەر بە دامەزراوەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ، توانیویانە رووبەرێکی فراوانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە مین و پاشماوە جەنگییەکان پاکبەکەنەوە کە بریتین لە : 6284 پاشماوەی جەنگی و پاککردنەوەی 44 کێڵگەی مینرێژکراو و لەناوبردنی 3849 مین و بۆمب .

هەروەها  عەلی موحەمەد ئەوەشی  ئاشکرا کردووە کە لە ساڵی رابردوودا 10 کەس لە ئەنجامی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەستداوە و 13 کەسی تریش بریندار بوون .

لە لایەکی دیکەوە جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کاروچالاکی ساڵی 2023ـی راگەیاند و گوتی: ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و 803 هەزار و 326 مەتر دووجا لە مین و پاشماوەی جەنگی پاککراوەتەوە، دەشڵێت: 19 کێڵگەی مین لەلایەن دەزگای گشتی کاروباری مینەوە پاککراوەتەوە، هەروەها لەلایەن رێکخراوەکانیشەوە 14 کێڵگە پاککراوەتەوە .

سەرۆکی دەزگای گشتی مین ئاماژەی بەوەشکرد، چوار شەرگە لە لایەن دەزگای گشتی کاروباری مینەوە پاککراوەتەوە، لەلایەن رێکخراوەکانیش حەفت شەرگە پاککراوەتەوە، هەروەها ساڵی رابردوو کۆی گشتی کێڵگە پاککراوەکان لە مین گەیشتووەتە 44 کێڵگە  .

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار