كۆمسیۆن كاتێكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریدەكات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق خشتەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە دەكات و ئەو مەبەستەش رۆژی 30ی ئایاری 2024ی پێشنیار كردوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
بەپێی نوسراوێكی موهەنەد فازل عەباس، یاریدەدەری سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن بۆ كاروباری تەكنیكی لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە رۆژی 9ی كانونی دووەمی 2024 دەرچووەو ئاڕاستەی سەرۆكی ئەو فەرمانگەكەی كردووە، خشتەیەكی نوێی ئامادەكاری كۆمیسیۆنی ئاڕاستە كردوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی ئەمساڵداو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی خشتەیەكی زەمنیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی 30ی ئایاری 2024ی پێشنیار كردوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
هەر بەپێی نوسراوەكە، خشتەی كارەكە بۆ ئەنجومەنی كۆمیسیاران دەنێردرێت بەمەبەستی پەسندكردنی تا لەسەر ئەو بنەمایەش لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریدەكرێت.
رۆژی 3ی ئەم مانگە، كۆمیسیۆن هەڵبژاردنەكانی عێراق نوسراوی فەرمی بۆ هەرێمی كوردستان ناردو رایگەیاند ناتوانێت ئەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 25ی شوباتی 2024 بوو هەڵبژاردن ئەنجامبدەن، ئەویش بەهۆی یەكلانەبوونەوەی ئەو سكاڵایەی لەدادگای فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوەو هێشتا یەكلا نەكراوەتەوە.
