حكومەتی هەرێم: مووچە دواكەوتوەكان لەئەستۆی حكومەتی عێراقە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حكومەتی هەرێم كۆبوویەوەو بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەش رایگەیاند حكومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانەی نەدراون.
بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ 10ی كانونی دووەمی 2024ی حكومەتی هەرێم، ئەنجامی سەردانی وەفدی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەلایەن ئەندامانی وەفدەكەوە خراوەتەڕوو كە تایبەت بووە بەگفتوگۆكردن لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پڕۆژەو پێشنیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێشكەش بە حكومەتی فیدراڵ كراوە.
ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە لەبەرامبەر تێگەیشتنەكانی ئەم دواییەی حكومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەكان بە ئاڕاستەی هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو كۆت و بەندانەی یاساكە كە ڕێگرن لە بەرامبەر خەرجكردنی بەشە بودجەو مووچەی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش مووچە كە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێكەڵی كێشەو بابەتەكانی دیكە نەكرێت.
لەبارەی شایستە دواكەوتووەكانی مووچەی مووچەخۆرانیش راگەیەنراوەكە دەڵێت"ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەكات كە حكومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانەو چاوەڕوانیشمان لە حكومەتی فیدڕاڵە كە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات".
