رێباز حەملان: نەوتمان نەبێت ناتوانین مووچە دابەش بكەین

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێباز حەملان راگەیاند داهاتی نەوتمان نەبێت ناتوانین مووچە دابەش بكەین، بەداهاتی ناوخۆی هەرێميش ناتوانرێت مووچە دابەش بكرێت.
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە كەناڵی كوردستان 24ی راگەیاند"نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراوە، ئێمە داهاتی نەوتمان نەبێت ناتوانین مووچە دابەش بكەین، بەداهاتی ناوخۆی هەرێم ناتوانرێت مووچە دابەش بكرێت، مووچەی خەڵكی كوردستان دەبێت لە بەغدا دابین بكرێت".
وتیشی"محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە سێشەممەی داهاتوو هەمواری پڕۆژە یاسای بودجە بخاتە ناو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كە لەلایەن وەفدی هەرێم و حكومەتی عێراقەوە بۆ هەمواركردنەوەی ماددەو بڕگە یاساییەكانی تایبەت بەبوودجەو مووچەی هەرێمی كوردستان ئامادە دەكرێت، بۆ ئەوەی بەزووترین كات دەنگی پێ بدرێت و رەوانەی پەرلەمان بكرێت".
یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت"ئەگەر هەمواری یاسای بودجە لەو ماوە كورتەدا ئامادە نەكرێت، حكومەتی هەرێم داوایكردوە سولفەیەك لەسەر بوودجەی ساڵی 2024 كە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستان هەیەو تایبەتە بەمووچە، لەگەڵ دەستپێكردنی دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت".
"ئومێدێكی زۆر هەیە لەگەڵ دەستكردن بە دابەشكردنی مووچەی پاریزگاكانی عێراق، پارە بگاتە هەرێمی كوردستانیش بۆ ئەوەی مووچەی پێ دابەش بكرێت". رێباز حەملان وا دەڵێت.
