یەكێتی: ئامادەین هەركاتێك هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێـت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوو بەرپرسی باڵای یەكێتی رایانگەیاند یەكێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و چاوەڕێی ئەنجامی بڕیاری دادگای فیدراڵیش دەكەن لەسەر ئەو سكاڵایەی لەبارەی 5 مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماریان كردوە.
تەلار لەتیف، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "وەك یەكێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا، بەڵام بەیاسایەك هەڵبژاردنەكە بەڕێوەبچێت كە لەگەڵ داخوازییەكان و پرۆسەی دیموكراسی یەكبگرێتەوە".
" ئەو تێبینیانەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمانبوە لەدادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆماركردوەو چاوەڕێی ئەنجامی بڕیاری دادگای فیدراڵین كە چاوەڕێ دەكرێت رۆژی 21ی ئەم مانگە دادگاكە بڕیاری كۆتایی خۆی بدات" تەلار لەتیف وای وت.
هاوكات زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"یەكێـی هەمووكاتێك ئامادەی هەڵبژاردنە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش هەركاتێكی بەگونجاو زانی وەك رۆژی هەڵبژاردن، ئەوا یەكێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن".
لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو سكاڵایەكی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماریان كردوە، وتی" چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی دادگای فیدراڵی دەكەین لەسەر 5 مادەیەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".
دوێنێ 10ی كانونی دووەمی 2024، نوسراوێكی موهەنەد فازل عەباس، یاریدەدەری سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن بۆ كاروباری تەكنیكی لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە رۆژی 9ی كانونی دووەمی 2024 دەرچووەو ئاڕاستەی سەرۆكی ئەو فەرمانگەكەی كردووە بڵاوكرایەوە كە خشتەیەكی نوێی ئامادەكاری كۆمیسیۆنی ئاڕاستە كردوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی ئەمساڵداو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی خشتەیەكی زەمنیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی 30ی ئایاری 2024ی پێشنیار كردوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
هەر بەپێی نوسراوەكە، خشتەی كارەكە بۆ ئەنجومەنی كۆمیسیاران دەنێردرێت بەمەبەستی پەسندكردنی تا لەسەر ئەو بنەمایەش لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریدەكرێت.
رۆژی 3ی ئەم مانگە، كۆمیسیۆن هەڵبژاردنەكانی عێراق نوسراوی فەرمی بۆ هەرێمی كوردستان ناردو رایگەیاند ناتوانێت ئەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 25ی شوباتی 2024 بوو هەڵبژاردن ئەنجامبدەن، ئەویش بەهۆی یەكلانەبوونەوەی ئەو سكاڵایەی لەدادگای فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوەو هێشتا یەكلا نەكراوەتەوە.
