كۆچ كۆچبەرانی دهۆك: لەم قۆناغەدا ئاوارەكانی شەنگال ناگەڕێنەوە 

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی – عەمار عەزیز

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڕیاریداوە تا ناوەڕاستی ئەمساڵ سەرجەم كەمپی ئاوارەكان لەهەرێمی كوردستان دابخات، بەرپرسێكی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمیش دەڵێت لەو بڕوایەدا نین ئاوارەكانی شەنگال لەم قۆناغەدا بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان.
دیان جەعفەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم لەدهۆك بە هاوڵاتی وت "حكومەتی عێراق بڕیاریداوە لەناوەڕاستی ئەمساڵدا هەموو كەمپەكانی ئاوارەكان دابخات، بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە سەر بڕیاری ئاوارەكان، ئەوان سەرپشكن كە ئایا دەگەڕێنەوە یاخود بەپێچەوانەوە".
وتیشی "لەو بڕوایەدا نین ئاوارەكانی شەنگال لەم قۆناغەدا بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان، چونكە هێشتا شەنگال ئاوەدان نەكراوەتەوەو كێشەی خزمەتگوزاریان هەیە". 

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 30ی حوزەیرانی 2023، بڕیاریدا سەرجەم كەمپەكانی ئاوارەكان دابخات بەهەرێمی كوردستانیشەوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكانی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو "هیچ ئاوارەیەك بە زۆر ناگەڕێنرێتەوە، ئێمە داوامان نەكردوە كە كەمپەكان دابخرێن، بەڵكو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڕیایداوە".
زۆرترین ئاوارەی شەنگال لە 15 كەمپی سنوری پارێزگای دهۆكدا  نیشتەجێن و ژمارەیان 337 هەزار كەسە، هەروەها 37 هەزار خێزانی دیكەش لەدەرەوەی كەمپەكاندا دەژین.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار