پارێزگاری هەولێر: ئامانجی سەرەکی میلیشیا شیعەکان داخستنی فڕۆکەخانەی هەولێرە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد کە ئامانجی سەرەکی "میلیشیا شیعەکان" لە هێرشکردنە سەر هەولێر داخستنی فڕۆکەخانەی هەولێر و داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستانە بەڕووی دونیای دەرەوەدا.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ دەنگی (ئەمریکا) ڕایگەیاندووە: "ئامانجی میلیشیا شیعەکان لە هێرشکردنە سەر شاری هەولێر هاوپەیمانان نییە، بەڵکوو هاوپەیمانانیان کردووەتە بیانوو، ئەگینا ئامانجی سەرەکیان داخستنی فڕۆکەخانەی هەولێر و داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستانە بەڕووی دونیای دەرەوەدا."

شایانی باسە لەم هەفتەیەدا بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک، درۆنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرا، بەڵام درۆنەکان تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.

هاوکات بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی بەرگری ئەمریکا، لە مانگی 10ی ساڵی 2023ەوە، 127 هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا، بە تایبەت بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و فرۆکەخانەی هەریر لە هەولێر.

لە هەرێمی کوردستانیش، سەرەڕای هێرشی بەردەوام بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازی هەریر، لە ڕۆژی شەممە 30ی مانگی 12ی 2023 هێرشکرایە سەر بارەگایەکی سەربازی هێزی گوڵانی پێشمەرگە لە پیرمام کە، بەگوێرەی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، چەند کیلۆمەترێک دوربوە لە سنوری بارەگای بارزانییەوە.

میلیشیا شیعەکان لە مانگی 10ی ساڵی 2023ەوە، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا چڕکردوەتەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەمریکا پشتگیری ئیسرائیل دەکات لە شەڕی غەزەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار