كادیرێكی پارتی لەهەڵەبجە: نوسیگەی مەسرور بارزانی هەڕەشەم لێدەكەن

2 ساڵ لەمەوپێش
كادیرێكی پارتی لەهەڵەبجە رایگەیاند بەناوی نوسینگەی مەسرور بارزانییەوە هەڕەشەی لێكراوە، دەشڵێت گوێ لەبەرپرسە دەعوەت خۆرەكان مەگرن، لەڕووی حیزبییەوە پێتان ئەڵێم لەم سنورە چی ئەگوزەرێت و چ زوڵم و ناهەقییەك سەرتاپای پارتی داپۆشیووە، لەڕێی پەیوەندی و ئۆرگانەكانیشەوە هەرگیز دەنگ ناگات بە بەرپرسانی باڵای پارتی، ئامانجی ژیانیشم ئەكەم بەلابردنی ئەو زوحاكانە.
محەمەد هەڵەبجەیی كادیری پارتی لەسنوری پارێزگایب هەڵەبجە لە واڵی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڤیدیۆی سوتانی ئۆتۆمبێلەكەی بڵاوكردوەو لەنوسینێكیشدا لەبارەی هۆكاری نیگەرانییەكانی لەپارتی پەیامێكی ئاڕاستەی مەسعو بارزانی و نێچیبرڤان بارزانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی پارتی و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردوە.
ئەو كادیرەی پارتی دەڵێت "قسەی من قسەی هەزاران پارتی بەشمەینەت و بەشخوراوە، بەناحەق نانبڕاو كرام، دەمەوێ ڕووبەڕوو پێتان بڵێم كە چ زوڵم و ناهەقییەك سەرتاپای پارتی داپۆشیووە".
"سەرۆكی حكومەت من بەناوی نوسینگەكەتانەوە تەهدید كرام و نیگەران بووم و دەستم لەكار كێشایەوە، بەڵام پێنج ڕۆژ كەس نەما ڕوونكردنەوەی نەدەمێ تاوەكو بەرپرسانی كەناڵ بمگەڕێننەوە سەركارەكەی خۆم، بەڵام سودی نەبوو" ئەو كادیرەی پارتی وا دەڵێت.
ئەوەشی وتوە" وتەبێژەكەتان پەیوەندی پێوەكردم و وتی تەواو لەبەیانیەوە بگەڕێرەوە سەركارەكەی خۆت، بەڵام ئەویش سەری نەگرت، ئامانجی ژیانم ئەكەم بەدژایەتی دژی گەندەڵكاران و هەلپەرستان، ئامانجی ژیانم ئەكەم بەلابردنی ئەو زوحاكانە، ئیتر خۆ ئەبێت یەكێك قوربانی بدات، چونكە لەڕێی پەیوەندی و ئۆرگانەكانەوە هەرگیز دەنگ ناگات بەئێوە، چونكە بە بەرپرسانی حیزبی و كەناڵەكەشم وتبوو ئەوكارە ئەكەم، بەڵام كەس گوێی نەگرت و ئێستاش پێیانوایە یەك دوو ڕۆژ باس ئەكرێت و دوای ئەوە كپ ئەبێتەوەو ئەوەی زیانی كردووە بەتەنها خۆم بووم".
محەمەد هەڵەبجەی لەبەشێكی تری سكاڵاكەیدا بۆ بەرپرسانی باڵای پارتی دەڵێت "ئەوان بیانویستایە ڕاستی بگەیەنەنن، پێنج ڕۆژە دەیانگەیاند، یاخود ئەگەر ڕاستگۆ بونایە ئەسڵەن نەیان دەهێشت دۆخەكە بەئێرە بگات، ئەم نامەیەشم پێشوەخت نوسی و بۆم ناردن، بەڵام دیسان وەڵامیان نەبوو ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە ئەوان پشتیان قایمەو بێمنەتن".
ئەو كادیرەی پارتی ئەوەشی وتوە"نوسینگەی هەڵەبجەم بەخوێن و ماندوو بوون و شەو نخونی خۆم دروستكردووە، بەڵام ئەمڕۆ هاتن هەمووشتەكانیان برد وەك ئەوەی هەنگوینیان لەدارا دۆزیبێتەوە".
لەكۆتایی پەیامەكەشیدا كادیرەكەی پارتی نوسیویەتی "لەڕووی حیزبییەكەشەوە پێتان ئەڵێم لەم سنورە چی ئەگوزەرێت، گوێ لەبەرپرسە دەعوەت خۆرەكان مەگرن، هیچم نەماوە لەدەستی بدەم، ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلەكەم بوو سبەی ڕەنگە خۆم بم، دەروونی منیان وێران كرد، ئەوانە كۆمەڵێ هەڵپەرستن و هیچی تر".
