نێچیرڤان بارزانی: بۆ وەستانی هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێم لەبەغدا هیچ گەرەنتییەكم وەرنەگرت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی هەرێم رایگەیاند بۆ دابینكردنی مووچە مانگانەی فەرمانبەران حكومەتی هەرێم پێویستی بە 875 ملیار دینارە، هیوادارشین ئەمساڵ بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵی میدیاكان، دەشڵێت بۆ وەستانی هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێم لەبەغدا هیچ گەرەنتییەكم وەرنەگرت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبەغدا رایگەیاند "نابێت بابەتی مووچە بكرێتە كارتێكی فشار بەرامبەر هەرێم و دەبێت فەرمانبەرانی هەرێمیش وەك شوێنەكانی تری عێراق مووچە وەربگرن، بڕیارەكەی ئەمڕۆی حكومەتی عێراقیش بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم سەرەتایەكی باشە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، سوپاسی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەین"
سەرۆكی هەرێم دەشڵێت "هیوادارین ئەمساڵ بابەتی مووچە بەیەكجاری چارەسەر بكرێت و ئیتر كۆتایی بێت بەوەی مووچە هات یان مووچە گەیشت، وای لێ بكەین نەبێتـە بابەتی راگەیاندنەكان"
وتیشی"تەنها بۆ دابینكردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران حكومەتی هەرێم پێویستی بە 875 ملیار دینارە".
لەبارەی هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێمیش، وتی"بابەتی ناردنی درۆنەكان بۆ هەرێمی كوردستان، بابەتێكە ئاسایشی هەرێم و عێراقیش تێكدەدات، چونكە ئاسایشی هەردوولا پێكەوە بەستراوەو گفتوگۆی زیاتر دەوێت، هیوادارین ئەم بابەتەش چارەسەر بكرێت"
سەرۆكی هەرێم ئەوەشی وت " بۆ وەستانی هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێم لەبەغدا هیچ گەرەنتییەكم وەرنەگرت، لەكاتێكدا هەولێر شارێكی عێراقیەو پێشێلكردنی سەروەری هەولێر پێشێلكردنی سەروەری عێراقیشە".
"بەداخەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زۆر دواكەوت، دواكەوتنیشی زیاتر شەرعیەتی دامودەزگاكانی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە، سبەینێ یان دوو سبەی وەفدی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دێنە هەرێم بۆ دیاریكردنی كاتێكی تر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان" نێچیرڤان بارزانی وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو"لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوت بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتمان باسكردو چاوەڕوانين بەمنزیكانە كێشەی هەناردەكردنی نەوت چارەسەر ببێت".
