ڕۆژئاوا؛ بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە حەوت وێستگەی کارەبا لە رۆژئاوا لە کار کەوتوون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، حەوت وێستگەی کارەبا لە رۆژئاوای کوردستان لە کار کەوتوون و بە ڕێوبەرایەتی خۆسەریش بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هێرشەکان  بڵاوکردەوە.

ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویكرده‌وه‌، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردودا سوپای تورکیا 56 ناوچەی بۆردومانکردوه‌، کە زۆربەیان ناوچەی خزمەتگوزارین و زۆرترین هێرشه‌كان بۆسه‌ر وێستگەی کارەباو ئاوو بوه‌ له‌و به‌شه‌ى كوردستان.، لە ئەنجامدا 5 سەربازی دیمەشق گیانیان لەدەستدا و 6 هاوڵاتی مه‌ده‌نیش برینداربون و زیانی ماددی زۆریش لێكه‌وته‌وه‌.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لە ساڵی 2017وە بەردەوامە، لە دو ڕۆژی ڕابردودا قورستر بووە، لە شەوی 12ی ئه‌م مانگه‌دا فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی توركیا لە ناوچه‌كانی دێریکەوە تا قامیشلۆ و عامودا و دەرباسییە و کۆبانێ و شەهبا ژێرخان و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان بۆردومان دەکەن.

ئەو ناوچانەی هێرشیان کراوەتە سەر بەشێکی زۆریان وێستگەی کارەبا و خزمەتگوزارین بەم شێوەیەی خوارەوەن:

 دووجار وێستگەی شاری کۆبانێ کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە کارەبای ئەو شارە و 400 گوندی سەر بە کۆبانێ پچڕاون.

وێستگەی گواستنەوەی کارەبای عەین عیسا لە گوندەواری رەققە و بەهۆیەوە کارەبای ئەو وێستگەیە و 150 گوندی سەر بەوێ پچڕان.

لە قامشلۆش بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر وێستگەی کارەبا بووە هۆی ئەوەی کارەبای زیاتر لە سەدا 60ی شارەکە و گوندەوارەکانی رۆژهەڵات ببڕدرێت.

لە عامودێ بۆردومانەکە بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە شارەکە و 90 گوند .

لە ترپەسپیش بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە شارەکە و 190 گوندی دەورووبەری.

درباسیەش لە باکووری حەسەکە بەهەمان شێوە بەر بۆردومانی تورکیا کەوتووەت و بەهۆیەوە زیان بە وێستگەی کارەبای شارەکە گەشت و کارەبای پچڕا.

هاوکات لە کاتژمێرکانی درەنگانی ئەمشەودا، تورکیا وێستگەی غازی سوەیدییەی لە گوندەواری دێریک بۆردومان کرد، کە وزە بۆ دەیان وێستگەی گواستنەوەی کارەبای دابین دەکات.

لەو بارەیەوە فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) بەیاننامەیەکی سەبارەت بەهێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوەو ڕایگه‌یاندوه‌، "وەزارەتی بەرگری تورکیا لەچوارچێوەی بانگەشەی درۆینە دوبارەبوەکانیدا، بانگەشەی ئەوەیکردوە کە بەشێک لەچەکدارەکانمان لەهێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ناوچەکانمان لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا شەهید بون، به‌ڵام ئه‌وه‌ درۆیه‌".

دەشڵێت، "ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەو بانگەشانە درۆیەو ئامرازی هەمیشەیی داگیرکەرانن، لەڕێگەی ئەم ئامرازانەوە داگیرکەران هەوڵدەدەن تاوانەکانیان بشارنەوە کە بریتین لەبەئامانجگرتنی ژێرخانی، ناوەندە خزمەتگوزارییەکان، ناوچەی نیشتەجێبون‌و سەرچاوەی بژێوی ژیان، بەڵگە بینراوەکان دەیسەلمێنن کە ئەو تاوانانە گەورەترو ڕونترن لەهەموو ئەو تاوانانەی کە دوبارە دەکرێنەوەو بەڵگەنامەكانیش ده‌یسه‌لمێنن كه‌ تورکیا تاوانباره‌".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە :"لەدوو ڕۆژی ڕابردودا تورکیا بەفڕۆکە جەنگییەکان‌و فڕۆکە بێ فڕۆكه‌وانه‌كانى، دامەزراوەکانی وزەو کۆگاکانی دانەوێڵە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ماڵە مەدەنییەکان، باخەکانیان، سەرچاوەی بژێوی ژیانیان، ڕێگا سەرەکییەکان‌و ناوچەکانی دەوروبەریانى کردوه‌تە ئامانج، بەهۆی ئەم هێرشانەوە وێرانکارییەکی گەورە ڕویداوه‌، لەئەنجامیشدا دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بەوزەو کارەباو ئاوەوە بۆ سەدان هەزار کەس وەستاون".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار