شەش هاوڵاتی کورد لە شاری کەرەجی ئێران سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکرا
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕێکخراوی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا لە سێدارەدانی شەش هاوڵاتی کوردی خەڵکی کرماشانی راگەیاند کە بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکرابوون.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەش هاوڵاتی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد لەتیفی، ئەکبەر خوڕەمتاش، ئەمیرحوسێن مەلەکی، عەلی ئەکبەر مورادیان، هادی نەزەری و عەلی میری کە خەڵکی شارەکانی کرماشان، هەرسین و سەحنە بون، لە زیندانی ناوەندیی شاری کەرەجی ئێران سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەو شەش بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەرکرابوون و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی کەرەجەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
دەشڵێت هەتا ئێستا، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو شەش بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دادوەری ئێرانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکە؛ ساڵی رابردو 823 کەس لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون کە 151 کەسیان کورد بون و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا لانیکەم 19 بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراون.
