مەسعود بارزانی: دانبەخۆداگرتنمان سنوری هەیەو ناكرێ چیتر بێدەنگ بین

ئەو پەلامارە نە مەردایەتییەو نە شەهامەت

2 ساڵ لەمەوپێش



مەسعود بارزانی رایگەیاند دەیانجار شاری هەولێر كەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەك و درۆنەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەكانیان و ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیەو ناكرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی هێرشەكەی شەوی رابردوی سەر هەولێر یەپامێكی بڵاوكردەوەو تیایدا رایگەیاند"لەساڵی 2020ەوە هەتا ئێستا بە دەیانجار شاری هەولێر كەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەك و درۆنەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەكانیان، ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەكی ئاشكرایە بەرانبەر خەڵكی كوردستان".
ئەوەشی وتوە "ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەو ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەكانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاك دەزانن كە بوختان و بیانوو و ئیدعاكانیان هیچ بنەمایەكی نیەو بۆ داپۆشینی كێشەو گرفتەكانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێرو خەڵكی كوردستان ئەنجام دەدەن".
بارزانی دەشڵێت "ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامارو تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێكی بێتاوانی هەولێریان كۆمەڵكوژ كردووە كە زۆر ب توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەكەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییەو نە شەهامەت، بەڵكو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران".
 "لێرەدا ڕووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانەو هەمیشە ڕێزو حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیەو دەستی دۆستایەتی و برایەتیان بۆ درێژ كردووە. دەمەوێ دڵنیایان بكەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەكانیان لەدژی هەولێرو خەڵكی كوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نیە و دوورە لە ڕاستی، داواتان لێ دەكەم ئەگەر پەلاماردەران ڕێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە هەولێر ڕاستییەكان ببینن" سەرۆكی پارتی وا دەڵێت.
مەسعود بارزانی لەبەشَكی تری پەیامەكەیدا رایگەیاندوە "ناكرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشكرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین، پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەك و درۆنەكانی ئێرانی ئەوەیە، دەتوانن بمانكوژن بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار