سەرۆكایەتی هەرێم: هەرگیز هەرێمی كوردستان بۆ هیچ لایەنێك سەرچاوەی هەڕەشە نابێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكایەتی هەرێم ئیدانەی هێرشكەی سەر هەولێر دەكات و رایگەیاند هەرێمی كوردستان هەرگیز بۆ هیچ لایەنێك سەرچاوەی هەڕەشە نەبووەو نابێت، بەهانەی سوپای پاسدارانی ئێرانیش بۆ هێرشەكە بێ بنەماو دوورە لەڕاستییەوە.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "زۆر بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرشە دوژمنكارییە دەكەین كە سوپای پاسدارانی ئێران شەوی ڕابردوو بە مووشەكی دوورهاوێژ كردیە سەر هەولێرو لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون".
"بەردەوامی بەئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان و شەهیدكردنی هاووڵاتییان، تاوانكارییەكی بێ پاساو و دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەكان و دراوسێیەتی و بەها مرۆیییەكانە، هەروەها پێشێلكردنێكی زەقی سەروەری و ئارامی و سەقامگیریی عێراقە" سەرۆكایەتی هەرێم وا دەڵێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو "هەرێمی كوردستان هەرگیز بۆ هیچ لایەنێك سەرچاوەی هەڕەشە نەبووەو نابێت، بەهانەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ هێرشەكە بەتەواوی بێ بنەماو دوورە لەڕاستییەوە"
سەرۆكایەتی هەرێم داواش لە حكومەتی فیدراڵیی عێراق دەكات بەپەلە دەست بەلێكۆڵینەوە بكات بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و ئەركی خۆی لە پاراستنی هەرێمی كوردستان بەجێ بگەیەنێت و ڕێ لەو هێرشانە بگیرێت.
