سەرەڕای هێرشەکانی ئێران، تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان نوێنەری خۆی لە تاران نەکشاندۆتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرەڕای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێم هیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ گەڕاندنەوەی نوێنەرایەتیەکەی لەو وڵاتە.
ئەمرۆ پێنج شەممە هاوڵاتی پەیوەندی بە نازم دەباغ، نوینەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران کرد دەربارەی ئەگەری کشاندنەوەیان لە تاران و گەیاندنی پەیامێکی ڕوون بە تاران، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات.
شەوی دووشەممە سوپای پاسدارانی ئێران، بەچەندین موشەکی زیرەکی بالیستیک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و بەهۆیەوە چوارکەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ١٦ کەسیش بریندار بوون.
دوا بەدوای هێرشەکەش هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندەوە.
هاوکات عێراق وەک ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر پێشێل کردنی سەروەری وڵاتەکەی باڵوێزی خۆی لە تاران بانگهێشتکردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بڕیاری بۆ گەڕاندنەوەی نوینەرایەتی خۆی نەداوە.
