مقاومەی ئیسلامی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێری گرتە ئەستۆ

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مقاومەی ئیسلامی کە گروپێکی چەکداری شیعەیە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر فڕۆکەخانەی هەولێریان گرتە ئەستۆو ڕایانگەیاند هێرشیان کردۆتە سەر پێگەیەکى هێزەکانى ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەى هەولێر. دژەتیرۆرى کوردستانیش رایگەیاند، درۆنەکە خراوەتە خوارەوە.
شەوى پێنجشەممە 18ى کانوونى دووەمى 2024، "مقاوەمەى ئیسلامى - شیعە" رایگەیاند، بە درۆنێک هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکى هێزەکانى ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەى هەولێر.
هەر ئەمشەویش دوای هێرشەکە دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، شەوى پێنجشەممە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو تێکشێندرا و خرایە خوارەوە کە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو.
بە گوێرەی زانیارییەکان درۆنەکە لەلایەن هاوپەیمانان و دوور لە شوێنی نیشتەجێبوون و قەرەباڵخی خراوەتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبووە.
لەگەڵ بەردەوامی جەنگی ئیسرائیل و حەماس و پشتیوانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ ئسرائیل هێرشەکانی سەر گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ڕۆی لە زیادبونێکی بەرچاو کردووە بەتایبەت لە سوریا و عێراق.
جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد و لە رۆژی 17ـی هەمان مانگەوە هێرشی ئەو گرووپانەی خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی ناودەبەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا دەستی پێکرد.
