دادگایەكی سنە سزای زیندانی بۆ ژنە پارێزەرێكی كورد دەردەكات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گوڵاڵە وەتەندوست، پارێزەرو چالاكی بواری ژنان و لە دەستبەسەركراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، خەڵكی مەریوان و دانیشتوی سنە، سزای شەش ساڵ و حەوت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
بە پێی هەواڵێك كە ناوەندی هەواڵی كوردپا بڵاویكردۆتەوە "لقی یەكی دادگای ئینقلابی سنە بەسەرۆكایەتیی دادوەر كەرەمی، بەتۆمەتەكانی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لەڕێگەی دروستكردنی گروپ و بەڕێوەبردنی دەستە و گروپ، كۆبوونەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە دژی نیزام و خراپ نیشاندانی دۆخ، سزای شەش ساڵ و حەوت مانگ بەندكرانی هەڵپەسێردراوی بەسەر ئەم چالاكە كوردەدا سەپاندووە".
كۆتاییەكانی مانگی 6ی ساڵی 2023، كۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بەتۆمەتەكانی ئەم پارێزەرە لە لقی ناوبراودا بەڕێوەچوو، دۆسییەی گوڵاڵە وەتەندوست پاش ناڕەزایەتی دەربڕین ڕادەستی دادگای پێداچوونەوە كراوە.
گوڵاڵە وەتەندوست، لەڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕۆژی 3ی 10ی 2022، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەكانەوە لە سنە دەستبەسەر كرا، دواتر بە دانانی بارمتەی یەك ملیار تمەن لە بەندیخانەی سنە ئازاد كرا.
هەروەها رۆژی22ی 2ی 2021، گوڵاڵە وەتەندوست بەهۆی بڵاوكردنەوەی بابەتی پێوەندیدار بەداكۆكی لە مافی ژنان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری مەریوان كراو لێپرسینەوەی لەگەڵدا كرا.\
