عومەر سەید عەلی: تیمە حكومییەكەی گۆڕان لەحكومەتی هەرێم نەیانتوانی كاریگەریان هەبێت

2 ساڵ لەمەوپێش
رێكخەری گشتی گۆڕان رایگەیاند بەشێكی شكستی جێبەجێنەكردنی ئەو كارنامەیەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لەم كابینەیەدا كردویەتی رووی تیمە حكومییەكەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتەوە، كە نەیانتوانی كاریگەریان هەبێت لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەكە، بەشێكیش لەگۆڕانەكانیش بزوتنەوەكەیان بەجێهێشت كە زۆرینەیان ئیتمیازاتی مادی و مەعنەویان لەگۆڕان چنییەوە، دەشڵێت لەدوای روخانی بەعسەوە هیچ كاتێك بەهێندە ئێستا قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی دابەشبون و هەڵوەشاندنەوەدا نەبووە.
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەوتارێكیدا لەدووەمین كۆنفرانسی بزوتنەوەكەیان رایگەیاند "هیوادارین كۆنفرانس سەكۆی كاری پێكەوەیی و بەخۆداچونەوە بێت لەشێوازی كاركردندا، داوای لێبوردنیشتان لێدەكەین كۆنفرانسی دووەم لەبەر زۆر هۆكاری ناوخۆی و بابەتی لەكاتی خۆیدا نەبەسترا، بەڵام بۆ كاری هەستانەوەی گۆرَِان هیچ كات درەنگ نیە، ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە بەئیرادەكی پتەوەوە هەنگاو بۆ رۆژگارێكی باشتری بزوتنەوەی گۆڕان بنێین"،
" مەرگی نەوشیروان مستەفا بۆشاییەكی جەرگبڕ بوو، بزوتنەكەمانی روبەڕووی كۆمەڵێك تەنگەژەو ئاڵنگاری كردەوە كە تائێستاش ئاسەوارو كاریگەرییەكانی ماون". عومەر سەید عەلی وای وت.
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند" مامەڵەی یەكێتی و پارتی لەبەغداد بۆ خۆیان یان هەریەكەیان بەتەنها وایانكردوە رۆڵی لایەنەكانی تر پشتگوێ بخەن و لەهەوڵی پلەو پۆستدابن بۆ خۆیانن".
وتیشی "ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان لەژێر بارێكی دارایی قورسدا دەژین و مووچەو بودجە بەسیاسی كراوەو ئەوەش بەهۆی سیاسیەتی هەڵەی بەناو ئابوری سەربەخۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم، هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن".
عومەر سەید عەلی ئاشكراشیكرد "لەبەردەم لێكەوتەوەو مەترسی نوێداین، بەهۆی ناتەبایی و پەرتەوازەی هەرێمەوە دەشێت پریشكی شەڕ هەرێم بگرێتەوە كە هیچ گەرەنتیەك بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لەئارادا نیە".
ئەوەشی خستەڕوو "لەدوای روخانی بەعسەوە هیچ كاتێك بەهێندە ئێستا قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی دابەشبون و هەڵوەشاندنەوەدا نەبووەو مەترسی وڵاتانی هەرێمی لەسەر حكومەتی هەرێم زیاتر بووە، بەتایبەت دابەشبوونی دوو حزبەكەی هەرێم بەسەر وڵاتانی هەرێمی".
ئەوەشی وت " گەندەڵی و ململانێ لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەتی و حزبی و بنەماڵەی هۆكاری سەرەكی لاوازبوونی پێگەی هەرێم، بێباكی پارتی و یەكێتیش بەرامبەر داخوازی خەڵك مەترسیەكی جدییە لەسەر هەرێم بەئاڕاستەی روكردنە بەغداو پشتكردنە دەسەڵاتی خۆماڵی".
لەبەشێكی تری وتارەكەیدا رێكخەری گشتی گۆڕان رەخنەی توندی لەئەدای تیمی حكومی بزوتنەوەكەی گرت و وتی "بەشێكی شكستی جێبەجێنەكردنی كارنامەی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم رووی تیمە حكومییەكەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتەوە، كە نەیانتوانی كاریگەریان هەبێت لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەكەی گۆڕان لەحكومەت، بەئاڕاستەی وەڵامدانەوەی داخوازییەكانی هاووڵاتیان".
ئەوەشی وت"بەشێك لەگۆڕانەكان بەهۆكای شەخسی و بەرژوەندی تایبەت پابەند نەبوون بە بەڵێنی سیاسی و یاسای و ئەخلاقیەكان و بزوتنەوەكەیان بەجێهێشت كە زۆرینەیان ئیتمیازاتی مادی و مەعنەویان لەگۆڕان چنییەوە".
