ژووری بازرگانی دهۆك: بۆ بازاڕی جێگرەوەی ئێران دەگەڕێین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 
ژووری بازرگانی دهۆك رایگەیاند لێكۆڵینەوە لەسەر بازاڕی جێگرەوە بۆ بەرهەمی ئێرانی دەكەن بۆ بازرگانەكانیان تا بە بەرهەمی وڵاتانی دیكە پێداویستییەكانی خەڵكی پارێزگای دهۆك پڕبكەینەوە.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك ئەمڕۆ 20ی كانونی دووەمی 2020، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە "بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر بەرهەمی كاڵای ئێرانی لە بازاڕەكانی دهۆكدا هەن، ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك بەووردی لێكۆڵینەوە لەسەر بازاڕی جێگرەوە بۆ بازرگانانمان دەكەین، تاوەكو بە بەرهەمە خۆماڵییەكان و بەرهەمی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە پێداویستییەكانی خەڵكی پارێزگای دهۆك و كوردستان پڕبكرێنەوە".
ئەوەشی خستوەتەڕوو "یەكێك لە پلان و كارەكانی ئێمە ئەوەیە، بەرهەمە خۆماڵییەكان بەگوێرەی ستانداردی جیهانی ببەینە ئاستی بەرهەمی وڵاتان، تا لەساڵانی داهاتوودا پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەكان ببەستین لە جیاتی بەرهەمەكانی دەرەوە".
شەوی رابردوو ژووری بارزگانی و پیشەسازی هەولێر لە راگەیەنراوێكیدا بڕیاریدا بەهۆی هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر بایكۆتی كاڵای ئێرانی بكەن ئەوەشی راگەیاندبوو "داوا لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان بە گشتی دەكەین، ئەگەرچی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەولێری پایتەخت بازاڕێكی گرنگی ساغكرنەوەی بەرهەمەكانی ئێرانە كە ڕۆژانە هاوردەی كوردستان و عێراق دەكرێت، بایكۆتی هێنان و بەكارهێنانی كاڵاكانی ئێران بكەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەكانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن"

 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار