دوای بڵاوكردنەوەی پەیامێكی ڤیدیۆی لەلایەن نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی ئەمڕۆ دەسبەسەركران

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەو پەیامە ڤیدیۆییەی كە شەوی رابردوو لەلایەن مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژانەوە بڵاوكرایەوەو تیایدا رایانگەیاند "وەك مامۆستایانی ناڕازی سنوری بایكۆت بەردەوام دەبن لەبایكۆت و دەشڵێن فشارەكانتان رابگرن، چونكە بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان و پاشەكشە ناكەین و رۆژی یەكشەمە هەموان لەسەر شەقام دەبین" ئەمڕۆ دەستگیركران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی كەوتون، "ژمارەیەك مامۆستای ناڕازی و وانەبێژ لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بەناوی چاوپێكەوتنەوە بانگهێشتی ئاسایشی سلێمانی كراون و تائێستا دەستبەسەرن".
هاوكات عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە "ئەمڕۆ ژمارەیەكی دیار لەمامۆستایان و وانەبێژانی هەڵسوڕاوی خۆپیشاندانەكان دەستگیر كراون".
ئەوەشی خستوەتەڕوو "زیاتر لە 100 ڕۆژە مامۆستایان بەشێوازێكی مەدەنی و شارستانیانە داوای مافی یاسایی خۆیان دەكەن لەمووچەو پلەبەرزكردنەوەو دامەزراندنی وانەبێژان، حكومەتی هەرێم یەك هەنگاوی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان".
"حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم لەبری جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، پەنای بردوەتە بەر دەستگیركردن و هەڕەشەكردن، مامۆستا شایانی ڕێزلێگرتنە نەك بێ ڕێزی پێكردن". عەتا ئەحمەد وا دەڵێت.
