هاوڵاتی وردەکاری دەستبەسەرکردنی مامۆستاکانی ئەمڕۆی سلێمانی بڵاودەکاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەو پەیامە ڤیدیۆییەی كە شەوی رابردوو لەلایەن مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژانەوە بڵاوكرایەوەو  تیایدا رایانگەیاند "وەك مامۆستایانی ناڕازی سنوری بایكۆت بەردەوام دەبن لەبایكۆت کردن." نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای بانگێشتکردنیان بۆ ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرکران.

لەم بارەیەوە ئاوات ئازاد یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵآتی وت، " نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای ئەوەی لە لایەن ئاسایشەوە پەیوەندیمان پێکرا داوایان لێکردین سەردانی بنکەی ئاسایشی سلێمانی بکەین بەو پێیەی ئێمە لە ڕێگەی بەغدا بوین و هەشت نەفەر بوین نەڕۆشتین بەڵآم پەیوەندی بە هاوکارانمانەوە کراوەو دوای سەردانکردنیان دەستبەسەرکراون".

وتیشی،"  ئاسایشی سلێمانی تەنها لە سنوری سلێمانی بانگی مامۆستایانی نەکردووە و لە سەرجەم قەزاو ناحیەکان و شارەکانی دیکەی هەرێمیش نوێنەری مامۆستایان بانگی ئاسایش کراون و دوای دووکاتژمێر مانەوەیان ئازادکراون".

بەرپرسێکی ئاسایشی گشتیی سلێمانیش بە هاوڵاتی راگەیاند، هیچ مامۆستایەک دەستگیرنەکراوە، تەنیا ژمارەیەک مامۆستا بانگهێشتکراون و بە بڕیاری دادوەر و فەرمانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە راگیراون. و دواتر ئازادکراون .

سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی سلێمانی بە هاوڵآتی وت، "ئەو مامۆستایانەی راگیراون ژمارەیان نزیکەی 10 بۆ 12 کەسە و بە گوێرەی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی و بەبڕیاری دادوەر و فەرمانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە ئاسایش راگیراون."

سەبارەت بە هۆکاری بانگکردنی ئەو مامۆستایانە بۆ ئاسایشی سلێمانی وتی، "ئەو مامۆستانە غیاباتیان زۆر بووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن بووە و گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتر لەسەر ئەو مامۆستایانە دروست نەکەن کە بایکۆتیان کردووە و نەبنە هاندان بۆ بایکۆتکردنی مامۆستایانی دیکە ".

ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی ڕونکردەوە کە لە ئێستادا سەرجەم ئەو مامۆستایانە گەڕاونەتەوە ماڵەکانی خۆیان و لە ئاسایش نەماون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ، بڕیارە سبەی لە 13 پەروەردەی سنووری سلێمانی خۆپێشاندانی ناڕەزایی مامۆستایان بەڕێوەبچێت و لە بارەی خۆپیشاندانەکەشەوە ئاسایشی سلێمانی بە هاوڵاتی وت، " بەڵێ لەناو گفتوگۆکانماندا باس لە خۆپیشاندانەکەی سبەینێش کراوە".

هاوکات بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر هەشت مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامی خۆیان سەبارەت بە بایکۆت و پێشهاتەکانی ئەمڕۆ بگەیەنن ،چاوتان لەسەر هاوڵاتی بێت

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار