خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی بەردەوامە و وەزیری پەروەردەش قسەی هەیە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

مامۆستایانی ناڕازی له‌ سنووری پارێزگاكانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرده‌وه‌ و داوا ده‌كه‌ن حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ بری فشاره‌كانیان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ ده‌وام، مافه‌كانیان جێبه‌جێ بكات.

لەم بارەیەوە ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە لە دۆخى مامۆستایان تێدەگەین و رێزیان لێ دەگرین و سوپاسى خۆڕاگرییان دەکەین، بەڵام چارەنوسى خوێندن لەو سنورانە گرنگە و لەو پێناوەشدا بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئەو سنورانە (سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و راپەڕین) ساڵنامەیەکیان ئامادە کردوە و خوێندن لەو ناوەندانە دەستیپێکردوەتەوە.

وتیشی: لە ئەنجومەنی وەزارەتی پەوروەردە تاوتوێی میکانزمێک دەکەن بۆ قەرەبوکردنەوەی کاتی لەدەستچوی قوتابیانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی و چۆنییەتی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوە گشتییەکان، جەختیکردەوە کە "ئەوەی پێویست بێت بۆ قوتابیان لە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە درێغی تێدا ناکەن".

هاوکات بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی لیژنەیەکی ئینزیباتی پەروەردەى سلێمانى سەردانی خوێندنگاکانی کردووە، و داوای لیستی ئەو مامۆستایانەیان کردووە کە دەوام ناکەن و غیابن.

هەروەک لەبارەى سزادانى ئەو مامۆستایانەى ئامادەى دەوام کردن نین، وەزیرى پەروەردە ئامادە نەبو وەڵامێکى رون بداتەوە و رایگەیاند؛ تەواوى بابەتەکانى بۆ رۆژنامەنوسان شیکردوەتەوە و لەبارەى دەستگیرکردنى ژمارەیەک مامۆستایشەوە وەزیرى پەروەردە وتى: پەیوەندیم بە ئاسایشەوە کرد، ئەوان ئەو مامۆستایانەیان بانگهێشت کردبو و دەستگیریان نەکردبون.

شەوی ڕابردوش چەند سەرچاوەیەک لە پەروەردە بە میدیاکانیان ڕاگەیاند لەم ڕۆوە مامۆستایان غیاب دەدرێن گەر لە بایکۆت بەردەوام بن؛ مامۆستایانی وانەبێژ تا ٢٣ ی ئەم مانگە نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن دەردەکرێن و مامۆستایانی میلاکیش گەر لە بەیانییەوە تا ٩ی مانگی داهاتوو نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن دەردەکرێن.

بڕیاریشە هەر سەرپەرشتیارێکی پەروەردەییش، "ئەگەر دەوام نەکات و بەردەوام بوو لە بایکۆت پلەکەی لێوەبگیرێتەوە." و هەر ئەمڕۆ پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ بەشێکی زۆری سەرپەرشتیاری قوتابخانەکان کۆدەبێتەوە.

لە پەروەردەی گشتیی سلێمانی، 39 هەزار و 13 مامۆستا و فەرمانبەر هەن کە 29 هەزار و 466 مامۆستای میلاک، نۆ هەزار و 546 فەرمانبەر و 600 وانەبێژن. 386 هەزار و 422 قوتابیش لە قوتابخانە حکومییەکان وانە دەخوێنن.

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، 101 قوتابخانەی تایبەت هەن کە سێ هەزار و 470 مامۆستا تێیاندا وانە دەڵێنەوە و 29 هەزار و 555 قوتابیش تێیاندا وانە دەخوێنن.

داواكاری مامۆستایان رێكخستنه‌وه‌ی مووچه‌كانیان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ و دامه‌زراندنی مامۆستایانی وانه‌بێژ و دیاریكردنی چاره‌نووسی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانیانه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار