دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە پێنج کەیسی کورد دەستی پێکرد

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە پێنج سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پیکردووەو بەردەوامە.
بڕیارە ئەمرۆ یەکشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر چەند سکاڵایەکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان و مافی خاوەنداریەتی زەوییە کشتووکاڵییەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان کۆببێتەوە، سێ لەو سکاڵایانەش کە ئاڕاستەی دادگاکە کراون تایبەتن بە موچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستان.
لە سکاڵایەکی دیکەشدا داوا لە دادگاکە کراوە پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری لە قەڵەم بدات کە تایبەتن کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
ئەو سکاڵایانەی دادگا کۆبونەوەی لەسەر دەکات بریتین لە :
١- داواکردنی مافی خاوەندارێتیی زەوییەکان لە کەرکووک
٢- هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
٣- سکاڵا دژی پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم
٤- سکاڵایەک بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەران مانگانە بدرێت پلەبەرزکردنەوە دەستپیبکاتەوە
٥- سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی سەبارەت بە نادەستوری ناساندنی یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر
یەکێک لە سکاڵاکان تایبەتە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان، سکاڵاکان دوو سکاڵان و یەکخراون، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
سکاڵایەکیشیان تایبەتە بە مامۆستایان کە لەلایەن عەدالەت رەحیم محەممەد، بوخاری جەمیل و حەیدەر محەممەد عوسمانەوە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کە تیایدا سکاڵاکاران داوایان لە دادگاکە کردووە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ ناردنی شایستە داراییەکان و و مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەممووز و ئابی ساڵی 2023 و جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی گشتی ژمارە 13ـی ساڵی 2023 و داوادەکەن دادگا حکومەتی هەرێم و عێراق پابەند بکات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیکەی حکومەتی عێراق.
دادگای فیدڕاڵی تاوتوێی سکاڵایەکیش دەکات کە لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دژە تیرۆری سلێمانییەوە تۆمارکراوە. لە سکاڵاکەدا وەهاب هەڵەبجەیی، کە ئێستا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیشە، داوا دەکات دادگاکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نادەستوورى بزانێت
یەکێکی دیکە لە سکاڵاکان تایبەتە بە جووتیارانی ناوچە کێشەلەسەرەکان کە تیایدا داوای زەوییەکانیان دەکەنەوە ئەمیش سکاڵاکاران گوڵخاتر حەبیب حەسەن، دەشتی خدر، تەحسین عەبدولقادر حەسەن، سابیر عەبدوڵڵا خاڵند، ئیبراهیم مەولوود باپیر و رەمزی حەمید حوسێنن؛ سکاڵایان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە. داوا دەکەن دادگاکە بڕیای نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش، ژمارە 949ـی ساڵی 1997دەربکات.
لە سەردەمی بەعسدا بە سەدان دۆنم زەویی کورد و تورکمان دەستیان بەسەردا گیرا، بەپێی یاسا و بڕیارەکانی ئەوکاتە لە خاوەنە رەسەنەکانیان سەندرا و درانە عەرەبی هاوردە یان بەناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە تۆمار کران. ئێستا خاوەن ئەو زەوییانە داوای زەوییەکانیان دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە 40 رۆژە مانیان گرتووە.
